بۆ ئەوەی نەخۆش نەکەوێت شوتی لەناو تەماتە بچێنن

964+

فەرمان سادق

بەرهەمی شوتی ئەمساڵ بە گشتی نەخۆش بوون و خەڵک گلەیی لێی هەبوو، ئەندامێکی ئەنجومەنی عەلوەی هەولێریش دەڵێت، تەنیا ئەوانە باش بوون کە لەناو تەماتە چاندرا بوون.

دانا عەزیز کۆیی، ئەندامی ئەنجومەنی عەلوەی هەولێر بە 964ـی وت، شوتی ئەمساڵ بە گشتی نەخۆشیان هەبوو بۆ خواردن زۆر باش نەبوو.

ئەو نەخۆشیانەی ئەمساڵ بەرۆکی شوتی ناوخۆی گرتووە بە قسەی دانا عەزیز، بزماری بوون، رەقە شوتی و داتەپیو بوون.

دەشڵێت: لە سەرەتادا بۆ ماوەی 10 بۆ 15 رۆژ بەرهەمی شوتی باش بوو، بەڵام دواتر رووی لە خراپی کرد، جگە لەوانەی کە شوتیان لەناو بێستانی تەماتە چاندبوو کە بەرهەمی شوتییەکەیان شیرین و سوور بوو.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی عەلوەی هەولێر ئەوەش رووندەکاتەوە کە ئەوەی وایکرد نەخۆشی لە شوتی بدات، ئەو سەرمایەی کۆتایی بەهار بوو، باران تەرزە کاریگەری زۆری لە شوتی کرد و نەخۆشی کردن، ئەمەش کێشەی لەناو عەلوەی شوتی دروستکردووە و تەنیا ئەمڕۆ سێ پیکاب شوتی کە بە شەرتی سوور و شیرینی فرۆشرا بوون، بۆ جوتیارەکان گەڕێندرانەوە.

بە قسەی دانا عەزیز بێت، نەک هەر شوتی هەولێر، بەڵکو شوتی بادینانیش کە زیاتر شوتی بەردەڕەش و کەلەکچییە، نەخۆش بوون، تەنانەت هی سلێمانیش.

دەشڵێت: 20 رۆژی تر شوتی حەوزی شارەزوور و پێنجوێن پێدەگات، دیار نییە کە ئەویش نەخۆشە یان نا.

وەزارەتی کشتوکاڵ بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی شوتی ناوخۆ، گومرگی خستەسەر هاوردەی شوتی و بۆ هەر کیلۆیەک 600 دینارە.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵ لە 15.5 تاوەکو 15.10 بەردەوام دەبێت کە بە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی شوتی ناوخۆ دانراوە.

دانا عەزیز دەشڵێت: بەنیازین داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ بکەین بەهۆی خراپی بەرهەمی شوتی ناوخۆ، گومرگ لەسەر شوتی ئێرانی هەڵبگرێت.