لە سلێمانی ئاردی بەشەخۆراکی مانگی چوار کورتهێنانی هەیە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە سلێمانی گرفت بۆ دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگانەی ھاوڵاتیان دروست بووە و بەڕێژەی نزیکەی 25٪ کورتهێنان لەو گەنمە هەیە کە بەکاردێت بۆ دروستکردنی ئاردەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە، نەسرین محەمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی دانەوێڵەی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق کێشە و ئاستەنگیان بۆ دروستدەکات، ھەربۆیە ناتوانن بەشیوەیەکی ئاسایی دەستبکەن بە دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگی چواری هاوڵاتیان.

ساڵانە بەڕێوبەرایەتی دانەوێڵەی سلێمانی لە سایلۆکانی کەرکوک و دوز گەنم دەهێنێت و دەیکات بە ئاردی بەشەخۆراک، بەڵام بە وتەی نەسرین محەمەد، بۆ ئەمساڵ سایلۆکانی کەرکوک و دوز راسپێردراون کە گەنمیان پێننەدەن.

“لە کەرکوک گەنممان نادەنێ و لە سلێمانی و هەولێریش دەڵێن تا وەرزی دروێنە تەواو نەبێت، گەنمتان پێنادەین”، نەسرین محەمەد وای وت.

کێشەیەکی دیکە کە بۆ بەشەئاردی مانگانە دروستبووە ئەوەیە ئاشەکانی هەرێمی کوردستان پابەندکراون کە لەسەر تێچووی خۆیان بچن گەنم لە پارێزگای کەرکوک و دوز بهێنن، نەسرین محەمەد دەڵێت، “ئەمە تێچوویەکی زۆری هەیە و پێچەوانەی رێنماییەکانە.”

وتیشی، ساڵی رابردوو بە بیانوی نەبوونی گەنم، لە ھەرێم پێنج بەشە ئارد دابەش کراوە، بەڵام لە خوارووی عێراق حەوت بەشە ئارد دابەشکراون.