یەکێک لە ئەندامانی گروپی نەمام وێنە:964+
کۆمەڵێک خۆبەخشی پێنجوێن 17 هەزار دار توویان چاندووە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
گروپی نەمام لە پێنجوێن، ماوەی پێنج ساڵە داری توو دەچێنن، ئەوان تا ئێستا 17 هەزار دار توویان لە قەزای پێنجوێن چاندووە.
گروپەکە ماوەی پێنج ساڵە دامەزراوە، ئەوان سەرەتایەک چەند کەسێک بوون، بەڵام ئێستا وەک سەرپەرشتیاری گروپەکە دەڵێت، ژمارەیان 80 خۆبەخش دەبێت.
ئەوانەی لە گروپی نەمام ئەندامن مامۆستا، پۆلیس و کەسایەتی قەزای پێنجوێنن، وەک خۆیان دەڵێن، خەونی ئەویان هەیە لەو ژمارە دار تووەی چێندراون هەر کەس و لایەنێک بێت، کارگەیەکی دۆشاوی توو دروست بکات و تا بەهۆیەوە خەڵک سوودمەند بێت.
ئەو 17 هەزار دار تووە لە رێگا سەرەکیەکان و سەنتەری قەزای پێنجوێن چێندراون.
ئەمرۆ دووشەممە، غەریب پێنجوێنی یەکێک لە سەرپەرشتیارانی گروپی نەمام قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “کەشوهەوای پێنجوێن هاوکار و یارمەتیدەرە بۆ درەختی توو، ئێستا دەستیشمان کردووە بە بۆیاخکردنی دارەکان”.
دوو بۆ سێ ساڵە، دارەکان بەرهەمیان هەیە و تووەیەکی شیرین و سپی یان سوور و مزر بەرهەمدەهێنێ، ئەمە وای لەو گروپە کردووە بیر لە بە بازاڕکردن و گەشەپێدانی بکرێتەوە.
لەبارەی بەرهەمی ئەو دارانە، غەریب پێنجوێنی وتی، “ئێمە وەک گروپەکە دەمانەوێت، خەڵک سوود لە بەرهەمەکە ببینین و هەرکەسێک دەتوانێت با کارگەیەک بۆ دۆشاوی توو دروستبکات، با بەبڕێک پارە تووەکە لە خەڵک وەربگرێتەوە و دۆشاوی لێ دروستبکات”.
بەوتەی مامۆستا غەریب بێت، ئەوان لەلایەن حکومەتەوە هیچ هاوکارییەکیان نەکراوە، بەڵام خێرخوازێک زۆر لە پشتیانەوە و هەتا توانیویانە تانکەرێک بکڕن بۆ ئاودانی دار تووەکان بەکاریبهێنن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی