سعودیە و ئیمارات شەش ملیار دۆلار لە عێراق خەرج دەکەن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

حکومەتی عێراق رێککەوتنێکی لەگەڵ ئیمارات و سعودیە بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی بازرگانی هاوبەش راگەیاند و دەڵیت ئامانج لەو کارە، بەرزکردنەوەی هاوبەشی ئابووریی نێوان هەر سێ وڵاتەکەیە.

رۆژی یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (INA) بڵاویکردووەتەوە، ریاز و ئەبوزەبی بڕی شەش ملیار دۆلاریان بۆ سەرمایەگوزاری لە عێراقدا تەرخانکردووە.

ئاژانسەکە لە زاری سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق، عەبدولرەزاق زوهێری، نووسیویەتی، “یەکێتییەکە لەگەڵ سعودیە و ئیمارات گەیشتە پێکهێنانی ئەنجومەنی بازرگانی هاوبەش، بۆ باشترکردنی بازرگانی، خواستەکە تەنیا بۆ بازرگانی نییە، بەڵکو بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی وەبەرهێنانە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئیمارات سێ ملیار دۆلاری خستووەتە ناو سندوقەکەیەوە، هەروەها سعودیە سێ ملیار دۆلاری داناوە بۆ پشتگیریکردنی وەبەرهێنان و کارە بازرگانییەکانی لە ناوخۆی عێراقدا”.

عەبدولرەزاق زوهەیری وتیشی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی پەرەپێداندا عێراق دەبێتە ناوەندێکی ترانزێتی جیهانی و رێگای ئاسیا و ئەوروپا بۆ نۆ رۆژ کورت دەکاتەوە.