بەراورد بە ساڵی رابردوو

هەڕەشەی کوشتنی ژنان لە گەرمیان کەمی کردوە

964+

هونەر فارس-گەرمیان

بەراورد بە شەش مانگی ساڵی رابردوو، ئاماری ئەو ژنانەی بە هۆی هەڕەشەی کوشتنەوە پەنا دەبەنە بەر شێڵتەری داڵدەدانی ژنان لە گەرمیان کەمی کردووە.

لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنیا 15 حاڵەتی هەڕەشەکردنی کوشتنی ژنان لە شێڵتەرەکە تۆمارکراوە.

لە کۆی ئەو 15 حاڵەتە بەشی سەرەکیان بەهۆی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و خیانەتی خێزانییەوە بووە، ئەمە بە وتەی شلێر عومەر بەڕێوەبەری شێڵتەری داڵدەدانی ژنان لە گەرمیان بۆ 964.

ئاماژەی بەوەش کرد، چەند دۆسیەیەكی خوار 18 ساڵ لە ئەمساڵدا هاتووە تە لایان و تێیدا بووە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڵخەڵەتێندراوە و دواتر سکپڕکراوە.

ئەو بەڕێوەبەرە هەرچەندە ئامارێکی دروستی شەش مانگی سەرەتای ساڵانی رابردووی لەبەردەست نەبوو، بەڵام دڵخۆشە بەوەی کە بە گوێرەی تێبینیەکانیان ئامارەکان بەرەو کەمبونەوە دەچن، هۆکارەکەشی بۆ هوشیاری زیاتری کۆمەڵگە دەگێڕێتەوە.

ئامارەكان لەلای بەڕێوبەرایەتییەكە پارێزراون، بەڕێوەبەری توندوتیژی دەڵێت، ژمارەی هەڕەشەكان لە چاو ساڵی رابردوو كەمی كردووە.

پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد