كه‌مێك پێش ئێستا گه‌نجێكی دیكه‌ له‌ ته‌قته‌ق له‌ خنكان رزگار كرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

كه‌مێك پێش ئێستا گه‌نجێكی دیكه‌ له‌ ئاوى زێى بچووك كه‌ به‌ ناحیه‌ى ته‌قته‌قدا تێده‌په‌ڕێت، له‌لایه‌ن تیمه‌كانى به‌رگرى شارستانى كۆیه‌، له‌ خنكان رزگار كرا.

له‌دوێنێوه‌ ئه‌وه‌ سێیه‌مین حاڵه‌تى رزگاركردنى گه‌نجه‌كانه‌ له‌ ئاوى ته‌قته‌ق.

گۆران ئه‌حمه‌د سماقه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى  به‌رگرى شارستانى كۆیه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، كاتژمێر شه‌شی ئه‌م ئێواره‌یه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌كانیانه‌وه‌ له‌ ته‌قته‌ق گه‌نجێكی دیكه‌یان له‌ خنكان رزگار كردووه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد “گه‌نجه‌كه‌ ناوى ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ته‌مه‌ن 17 ساڵه‌ و دانیشتووى كه‌ركوك و‌ به‌ره‌گه‌ز عه‌ره‌به‌، له‌لایه‌ن تیمه‌كانى مه‌له‌وانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مانه‌وه‌ له‌ خنكان رزگار كرا”.

له‌باره‌ى هۆكارى كه‌وتنه‌ ناوى ئاوى ئه‌و گه‌نجه‌ش، سماقه‌ وتى “نه‌زانینى مه‌له‌وانى و شاره‌زانه‌بوونیان له‌ئاوى ته‌قته‌ق بووه‌”.

هه‌ر ئه‌مڕۆ سۆران موباره‌ك ئه‌حمه‌د به‌رێوه‌به‌رى به‌رگرى شارستانى ته‌قته‌ق به‌ 964ـى راگه‌یاندبوو، كه‌ له‌ دوێنێوه‌ دوو گه‌نجیان له‌ خنكان رزگار كردووه‌.

یه‌كه‌میان، دوێنێ 29.6.2023 گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 16 ساڵان به‌ناو سه‌فین فه‌خره‌دین، خه‌ڵكى ته‌قته‌ق كاتژمێر پێنجى ئێواره‌ له‌ناو ئاوى زێی ته‌قته‌ق رزگار كرا.

دووه‌میشیان ئه‌مڕۆ 30.6.2023 گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 25 ساڵ به‌ناوى لواف محه‌مه‌د خالد خه‌ڵكى شارى كه‌ركوك له ‌كاتژمێر دووى دواى نیوه‌ڕۆ له‌ زێى ته‌قته‌ق رزگار كرا.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردبوو، له‌ماوه‌ى ئه‌م مانگه‌دا تیمه‌كانیان توانیویانه‌ نزیكه‌ى 10 حاڵه‌تى رزگاركردن له‌ خنكان، له‌ ته‌قته‌ق ئه‌نجام بده‌ن و وتیشی “له‌م مانگه‌ هیچ حاڵه‌تێكی خنكان له‌ سنووره‌كه‌مان رووینه‌داوه‌”.

كه‌مێك پێش ئێستا گه‌نجێكی دیكه‌ له‌ ته‌قته‌ق له‌ خنكان رزگار كرا