سۆراغ: نرخی کەپرە گەشتیارییەکانی دوکان گەیشتۆتە 100هەزار دینار

964+

ئەحمەد مستەفا

لە سەیرانگای دوکانی گەشتیاری نرخی یەک کەپری گەشتیاری بۆ 100هەزار دینار بەرزبووەتەوە، کەپریش هەیە بە 30 هەزار دینارە.

دوکان خاوەنی زیاتر لە هەزار و 500 کەپری گەشتیارییە، جگە لە خانوو، هۆتێل و مۆتێل کە توانای حەوانەوەی هەزار گەشتیاری هەیە.

بە گوێرەی سۆراغی 964 لە بەشێک لە کەپرە گەشتیارییانەدا نرخەکان بۆ 100هەزار دینار بەربوونەتەوە، بە 30 هەزار، 50هەزار و 70 هەزار دیناریش کەپر دەگیرێت، گەشتوگوزاری دوکانیش دەیەوێت بیانخاتە ژێر رکێفی خۆی تا رێکیان بخاتەوە.

موراد تەیوب، خاوەنی یەکێک لە کەپرە گەشتیارییەکانی دوکانە، ئەو ئەمرۆ پێنجشەممە 29.6.2023 بە 964ی وت، “کەپرە گەشتیارییەکان مەلەوانگە و کورسی و مێز و کارەبای بەردەوامی هەیە، هەرچەندە من کەپرەکانم بە 30 هەزار دەدەم، بەڵام بە 50هەزاریش دراوە.

موراد وتیشی، “لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی بۆ 12:00ی شەو گەشتیارەکان دەتوانن بەو نرخە تێیدا بمێننەوە”.

لە بارەی ئەو جیاوازییەی لە نرخی کەپرەکاندا هەیە، رێژەن رەئوف بەڕێوبەری گەشتوگوزاری دوکان بە 964ی وت، “ئەو کەپرانەی رێکنەخراونەتەوە، نرخیان کەمترە، بەڵام ئەو کەپرە گەشتیارییانەی ساڵانە باج دەدەن و بەکرێ تێیدان، دەشێ نرخیان گران کردبێت، بۆیە جیاوازی نرخ هەیە”.

ژووری چاودێریی بازاڕ و کۆمەڵەی میوانخانەکان نرخ دیاری دەکەن، بەڵام بەڕێوبەری گەشتوگوزاری دوکان وتی، “لە هەوڵی ئەوەداین بە رێکارێکی یاسایی ئەم کەپرانە رێک بخەینەوە، ئەوکاتە بە هەماهەنگی نرخەکانیش جێگیر دەکەین”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا