دیمەنێک لە ئاسمانەوە شاری خانەقین نیشان دەدات _ وێنە: 964
خانەقین 62 ساڵە قەزایە و تازە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بۆ دادەمەزرێت
964+
راژان باجەلان – خانەقین
بە گوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی خانەقین دەکرێتەوە، چوار بەشی پۆلیسی دەکەوێتە سەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ئەمەش دوای زیاتر لە 62 ساڵ لە بەقەزابوونی.
بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رێکەوتی 25.6.2023ی لەسەرە، تێیدا هاتووە، “دوای وەرگرتنی رەزامەندیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاردرا بە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی خانەقین، ئەمەش بۆ زیاتر سەپاندنی ئاسایشە لە سەنتەری قەزاکە و بەشەکانی پۆلیسی هەریەکە لە خانەقین، جەلەولا، سەعدیە و قەرەتەپە دەکەونە ژێر فەرمانیان”.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی خانەقین بە 964ی وت، بەم نزیکانە بەڕێوەبەرێک بۆ بەشی پۆلیسی خانەقین دادەنرێت و بنکەیەکی نوێی پۆلیس لە قوڵای دەکرێتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە بەڕێوەبەری ئەو بنکەیە کەسایەتییەکی سەربازی خانەقینی دەبێت.
خانەقین لە ساڵی 1961 بووەتە قەزا، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە و زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن، پێشتر تەنیا بەشی پۆلیس لەو قەزایە هەبوو.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی