زۆربەی ئاژەڵە هاوردەكان لە سوریاوە دێنە كوردستان
964+
ئەحمەد مستەفا
لە گومرگی هەرێمی كوردستان، رێكارەكان بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵ تووندتر كراوەتەوە و زۆربەی ئەو ئاژەڵانەشی، كە هاوردەدەكرێن لە سوریاوە دێن.
رەشەوڵاغ، بزن، مەڕ، گوێرەكە، جوانەگا،هەر ئاژەڵێك بێتە هەرێمی كوردستانەوە، لە خاڵە پشكنینەكانەوە بە وردی پشكنینی بۆدەكرێت، پاشان رێگە دەدرێت بخرێتە بازاڕەكانی كوردستانەوە، ئەمە بە قسەی گومرگی سلێمانی.
ھەرێمی کوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتی و حەوت دەروازەی بازرگانیی لاوەکی ھەیە، کە سەرجەمیان لەلایەن دامودەزگا گومرگییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە رێنمایی نوێیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵدا بۆ چووە.
بەرخ، کاوڕ، گیسک، شەک، بەران، مەڕ، بزن، گا و مانگا لەو دەروازانەوە هاوردە دەکرێن، ئاژەڵی بچووک كیلۆی بە حەوت هەزار دینار و ئاژەڵی گەورە كیلۆی بە پێنج هەزار دینار بۆ هەشت هەزار دینار نرخەکانیانە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.6.2023، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت،هیچ ئاژەڵێکی هاوردەکراو تا مۆڵەتی وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری نەبێت، رێگە بە داخلکردنی نادرێت”.
هەركەسێك مۆڵەتی هەیە بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵ، تیمە تەندروستیەكان پشكنینێكی زۆر ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە دەكەن، كە هاورەكراون.
لە بارەی هاوردەکردنی ئاژەڵ بە رێگەی قاچاغ و لە سنوورەکانەوە، بەڕێوەبەرەکەی گومرگری هەرێم وتی، “من بەرپرسیارم لە دەروازە سنوورییە فەرمییەکان و هەر ئاژەڵێك لەوێوە بێت، نەخۆش نییە”.
ئەوەشی وت، “لە هەموو دەروازەکانەوە ئاژەڵ هاوردە دەکرێ، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی هاوردە دەکرێن لە سوریاوە دەهێنرێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە
بە هۆی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربوونەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵمەتێكی گەورەی بۆ رووبەرووبونەوەی پەتاكە راگەیاندووە و چەندین رێنمایی بۆ لەناوبردنی ئاژەڵی نەخۆش و سەرنەبڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵەكانەوە دەستپێكردووە.
پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد