ململانێ سیاسییەکانی کوردستان دەرگای دەستوەردانی بەڕووی دادگاى فیدڕاڵ دەکاتەوە

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

دادگای باڵای فیدڕاڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار دەکات سیستەمی خانەنشینی یەکگرتوو جێبەجێ بکات، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەک خانەنشین سکاڵایان تۆمارکردبوو. پەرمانتارێک دەڵێ؛ دادگایەکە سێرەی لە هەرێم نەگرتووە بەڵکو ئەوە نارەزایەتی ناوخۆیە وایکردووە پەنا بۆ دادگای فیدڕاڵ ببردرێت.

دادگای باڵای فیدڕاڵ، باڵاترین دەسەڵاتە لەسەر ئاستی عێراق و چاودێری جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەکات.

دوا بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵ لە ٢٣ـی تشرینی دووه‌مى رابردوو بوو، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی پابه‌ندكرد بە جێبەجێکردنی سیستەمی خانه‌نشینی یه‌كگرتووی عێراقی له ‌هه‌رێمی کوردستانیش.

پێشتریش ئه‌و دادگایه له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌ بابه‌ته‌كانى، درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى په‌رله‌مانى هه‌رێم و ره‌تكردنه‌وه‌ى بڕگه‌یه‌ك له‌یاسای باری كه‌سیی و بابه‌تى نه‌وت، له‌سه‌ر چه‌ند داوایه‌كی جیاواز كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشكه‌شی كرابوون، بڕیاری خۆی له‌سه‌ر بابه‌تى داواكان ساغ كرده‌وه‌.

لیژنه‌ى یاسایی په‌رله‌مانى كوردستانیش پێیوایه‌، به‌ گفتوگۆ و لێك تێگه‌یشتنى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئه‌و بابه‌تانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، نه‌ك راسته‌وخۆ له‌ناو هه‌رێمی كوردستان ئه‌و بڕیارانه‌ وه‌كخۆی جێبه‌جێ بكرێن.

عه‌باس فه‌تاح ساڵح جێگری سه‌رۆكى  لیژنه‌ى كاروباری یاسایی له‌ په‌رله‌مانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ +964 ی راگه‌یاند “دادگاى باڵاى ئیتیحادى وه‌ك هه‌ر دادگایه‌كی تر، كاری قانوونی خۆی ده‌كات، به‌ڵام پابه‌نده‌ به‌ ده‌ستوورێك،‌ پێی ده‌ڵێن ده‌ستوورى عێراق، بۆیه‌‌ بۆ هه‌موو بڕیاره‌كانیشى په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ئه‌و ده‌ستووره “.

وتیشی‌ “ئێمه‌ لێره‌ په‌رله‌مانى خۆمان هه‌یه‌ و له‌ده‌ستووری عێراقیش ئاماژه‌ى پێكراوه‌، ده‌توانین ئه‌و یاسایانه ده‌ربكه‌ین كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێم بێت”.

پێیوانیه،‌ دیقه‌تى دادگاى باڵای فیدڕاڵی له‌سه‌ر هه‌رێم بێت، بۆ ئه‌و بڕیارانه‌ى، به‌ڵًكو ده‌ڵێ “ئه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تى و ناكۆكییه‌كانى نێوخۆی خۆمانه‌ واده‌كات له‌ ناوخۆی هه‌رێمه‌وه‌ په‌نا ببرێته‌ به‌ر‌ ئه‌و دادگایه “.