رۆژێک لە رۆژان.. چیرۆکی پشتەوەی گۆرانی کچی گاور

964+

ژووری هەواڵ

ئەمجارە چیرۆکی رۆژێک لە رۆژان لە حزوری رۆحی ئەردەلان بەکرە و کچی گاور دەبێتە سەردێری گێڕانەوەی گۆرانیەکی باڵنەکراو.
با من چیرۆکی گۆرانی کچی گاوری هونەرمەندی کۆچکردوو ئەردەلان بەکرتان بۆ باس بکەم.

ئەردەلان بەکر ئەو کوڕە هەولێریەی ئەوینی کچی گاور بەتەواوی وابەستەی ئومێدێکی گەورەی کردبوو….

ئەردەلان لە زستانی ساڵی 1995 دەکەوێتە داوی خۆشەویستی کچێکی شاری تالینی پایتەختی ئیستۆنیا کە لە خۆرهەڵاتی ئەوروپایە، لەگەڵ کچەی قژ زەردی مەعشوق، بەتەواوی بوبوون بەنیوەکەی یەکتر.

دوای دوو ساڵ لە پەیوەندی و بەیەکەوەیی…وەک هەر ئەوینێکی ناکام، بەفری ساڵانی نەهاتی… گەرمی ئەو دوو رۆحەی سارد کردەوە و رۆژانێك هاتنە پێش ئەردەلان و کچی گاور لەیەک جیابونەوە، ئەمە ئەو قۆناغە بوو کە ئیدی بوو بە یەکێک لە کەسەرە گەورەکانی ژیانی ئەردەلان.
هەر بۆیە دەرئەنجام کچی گاور دڵی برد و عەشقەکەی بە گەنجی پیری کرد…

ئەردەلان و کچی گاور لەیەک دوور کەوتنەوە، بەڵام ئەو ئەوینە رەنگەکانی لای ئەردەلان کاڵنەبوونەوە، تابلۆی نەمری عیشقەکەی نێوانیان لە گۆرانیەکدا هەڵواسی و تا ئەبەد بە نەمری مایەوە.

ئەردەلان وتبووی دەبوو دەرفەتی دیکەمان بدابایە بە یەک، بەڵام هەر یەکەو بەرەو چارەنوسێک و بەرەو نادیاری، کاک گۆرانی برای هونەرمەند ئەردەلان بەکر دەڵێت من دەزانم هیچ خەمێک هێندەی جیابونەوەی کچی گاور کاریگەری لەسەر ئەردەلان نەبوو.

کچی گاور چۆن بوو بە گۆرانی؟
شیعر و ئاوازی گۆرانیەکە هونەرمەند ئەردەلان بەکر خۆی دایناوە، ئەردەلان رۆژێک ئەو شیعر و ئاوازە دەداتە هەریەکە لە مۆسیقاژەنانی بەتوانا زاهید بریفکانی و زەکەریا عەبدوڵلا، دوای ماوەیەک هونەرمەند زاهید بریفکانی کە ئێستا بە داخەوە لە ژیاندا نەماوە، موژدەی کارێکی ناوازە دەداتە ئەردەلان و دەڵێت: دابەشکردنێکی موزیکی نایابمان بۆ کردووی.
هونەرمەند زاهید بریفکانی دەڵێت، دوای تەواو بوونی کاری موزیک و تۆمارکردنی.. ئەردەلان بەکری رەحمەتی هێندە دڵخۆش بوو، وەک کاردانەوەی دڵخۆشی ملوانکەیەکی زێڕی لەمل بوو لە ملی خۆی کردەوە و پێشکەشی کردم. با ئەوەشمان بیر نەچێت ئەو گۆرانییە لە ستۆدیۆکەی هونەرمەند بژار دیلان لە سوید تۆمارکراوە.بەمجۆرە کچی گاور بۆ هەمیشە لە یادەوری ئێمە بە زیندوویی دەژیت.