بۆ جه‌ژنى قوربان

کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دوو ده‌كرێته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

کوشتارگە هاوچەرخه‌كه‌ی هەولێر دوو، به‌رووى خاوه‌ن ئاژه‌ڵاندا ده‌كرێته‌وه‌ و هه‌ركه‌سێك بیه‌وێ ئاژه‌ڵ سه‌رببرێت ده‌توانێت سه‌ردانیان بكات، سه‌رپه‌رشتیاری كوشتارگه‌كه‌ش ده‌ڵێت، به‌پێی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان كاره‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دوو، پڕۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنانه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێوان هه‌ردوو ناحیه‌ى به‌ستۆڕه‌ و داره‌شه‌كران، له‌ 2022 له‌سه‌ر رووبه‌رى 82 دۆنم زه‌وى ده‌ست به‌ دروستكردنى كراوه‌، به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى قوربانه‌وه‌ ته‌نیا كۆشتارگه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و مه‌یدانه‌شی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كڕین و فرۆشتنى ئاژه‌ڵان، به‌ داخراوى ده‌مێنێته‌وه‌.

پێشتر چه‌ندینجار خه‌ڵكی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى ته‌واوى ئه‌و كوشتارگه‌یه‌ به‌ مه‌یدانه‌كه‌شییه‌وه‌ و چوونه‌ته‌ به‌رده‌م پارێزگاى هه‌ولێر، به‌ڵام تا ئێستا نه‌كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ 80% كاره‌كانیشی ته‌واو كراوه‌.

شاكر حاجی كالۆ، سه‌رپه‌رشتیاری كوشتارگه‌ى هاوچه‌رخى هه‌ولێر دوو، به‌ 964ـى وت، به‌ فه‌رمى كوشتارگه‌كه‌یان كراوه‌ته‌وه‌ و پێشوازى له‌ خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان ده‌كه‌ن بۆ سه‌ربڕینى ئاژه‌ڵه‌كانیان.

وتیشی “ته‌واوى رێنماییه‌ پزیشكى و ڤێته‌رنه‌رییه‌كان له‌ كوشتارگه‌كه‌مان جێبه‌جێ ده‌كرێ و له‌ رووى ته‌ندروستیه‌وه‌ ته‌واو سه‌لامه‌ته‌”.

له‌ ئاگادارییه‌كیشدا كوشتارگه‌ى ناوبراو هاوڵاتیانى قەزای پیرمام به‌ ناحیه‌كانى بەستۆرە، کۆڕێ، دارەشەکران و بەحرکە، ئاگادارده‌كاته‌وه‌ كه‌ بە بۆنەی جەژنی قوربان كوشتارگه‌كه‌یان ده‌كرێته‌وه‌ و ئاماده‌ن بۆ سه‌ربڕینى ئاژه‌ڵه‌كانیان بۆ مه‌به‌ستى قوربانیكردن.

ده‌شڵێت، به‌هۆى مەترسی  بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون کوشتارگەکەیان بە ستافێکی نوێ و بە چاودێری لیژنەی پزیشکی ڤێته‌رنەری قەزای پیرمام، لە خزمەت هاولاتیاندایە .