لە دهۆک لابردنی تانکی LPG خواستی لەسەر بوتڵی غازی ماڵان زیادکردووە
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
لابردنی تانکی LPG لە بەشێک لە شوێنە بازرگانییەکانی دهۆک خواستی لەسەر بوتڵی غازی ماڵان زیاد کردووە و هاوڵاتییان بۆ پڕکردنەوەی بوتڵێک دەبێت دوو بۆ سێ رۆژ چاوەڕی بن.
ئەیاز سەعید، نوێنەری سەمونخانە و فڕنەکانی دهۆک بە 964+ی راگەیاند، ئێستا نزیکەی ٦٠٪ی سەمونخانە و فڕنەکانی پارێزگاکە سیستەمی غازیان لابردووە و بوتڵی غازی ماڵان بەکار دەهێنن.
بە وتەی ئەیاز سەعید، پێشتر رێژەی بەکارهێنانی سیستەمی غاز لە نانەواخانە و سەمونخانەکانی دهۆک نزیکەی ٨٠٪ بوو، ئێستا بۆ ٢٠٪ کەمیکردووە.
مەترسی تەقینەوە و رێکاری تووندتری حکومەت هۆکاری سەرەکین بۆ لابردنی سیستەمی غاز لە بەشێک لە شوێنە بازرگانییەکانی دهۆک.
شوکری رەشید، نوێنەری کۆمپانیای غازی مزگین لە دهۆک بە 964+ی راگەیاند، زۆربەی خاوەن فرن، نانەواخانە و چێشتخانەکانی دهۆک بۆ دروستکردنی نان و ئامادەکردنی خواردن ئێستا پەنایان بردووەتە بەر بوتڵی غاز و ئەو تانکییانەیان لابردووە کە ٢٥٠٠ بۆ ١٠ هەزار لیتر غاز دەگرن.
وتیشی، “رۆژانە دهۆک پێویستی بە ١٨٠ بۆ ٢٠٠ تۆن غاز هەیە، هەندێک رۆژ ئەو رێژەیە نەگەیشتووەتە دهۆک بۆیە کەمبووەتەوە.”
هەر خێزانێک ئەگەر بیەوێت نزیکەی سێ رۆژ چاوەڕێی ئۆتۆمبێلی غازەکە نەبێت، ئەوا دەبێت غازی بازرگانی بکڕێت کە نرخەکەی لەنێوان ١٤ هەزار بۆ ٢٠ هەزار دیناردایە.
نرخی بوتڵێک غازی حکومی ٨ هەزار و ٥٠٠ دینارە.
زانا سدقی، دانیشتوویەکی گەڕەکی بەرۆشکی-یە لە دهۆک، ئەو بە 964+ی وت، “پێش دو رۆژ تەلەفونم بۆ شوفێری یەکێک لە کۆمپانیاکانی دابەشکردنی غاز کرد، وتی غاز نیە دوو رۆژی تر چاوەڕێ بکە، ئەمڕۆ دەبێتە سێیەم رۆژ هێشتا نەیانهێناوە.”