وێنەی شوشتنگەیەک لە هەولێر وێنە:پارێزگای هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم دەڵێت:
شوشتنگەکان یەک مانگ مۆڵەتیان هەیە
964+
فەهمی نەبی
شوشتنگەکان ئاگادارکراونەتەوە، تا یەک مانگی دیکە پێویستە سیستمی ئاویان بگۆڕن لە بەکارهێنانی ئاوی شیرین بۆ ئاوی دوبارە بەکارهاتوو، بۆ شوشتنی ئۆتۆمبێڵ.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ئاوی هەرێم بۆ 964 قسەیکرد وتی، بڕیاری دوبارە بەکارهێنانەوەی ئاو لە شوشتنگەکان زیاتر لە ساڵێکە دەرچووە، بەپێی بڕگەی چواری یاسای ژمارە چواری یاسای پاراستنی ئاو و ئاوەڕۆ، دەبێت شوشتنگەکان فلتەریان هەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم ئەوەشی وت، “ساڵی پار شوشتنگەکان ئاگادار کرانەوە، بەڵام ئەمساڵ هۆشداریەکە توندە، بۆ ماوەی مانگێکە هەر شوشتنگەیەک پابەند نەبێت دادەخرێت”.
سیامەند کەریم، وتەبێژی شارەوانی هەولێر بە 964ی وت، “زیاتر لە ساڵێکە مۆڵەتی کردنەوەی شوشتنگەمان راگرتووە، ئەوانەشی مۆڵەتیان هەیە دەبێت بە زوترین کات سیستەمی ریسایکلین دابنێن، بۆ ئەوەی ئەو ئاوەی بەکاردێت دوبارە بەکارینێننەوە”.
بەوتەی سیامەند کەریم، پێشوتر هۆشداری بە شوشتنگەکان دراوە، بەڵام زۆر دەگمەنن ئەوانەی پێیەوە پابەندن، بەپێی یاسا بەهیچ جۆرێک رێگە پێدراو نییە ئاوی شیرین بۆ شوشتنگەکان بەکاربێت.
پارێزگای هەولێر رایگەیاندوە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک شوشتنگە داخراون بەهۆی پابەند نەبونیان بە دانانی سیستمی ریسایکلین.
نزیکەی دوو ساڵە وەزارەتی شارەوانی بڕیاریداوە، شوشتنگەکان بۆ شوشتنی ئۆتۆمبێڵ دەبێت سیسمی فلتەریان هەبێت، سەرەتا دەبێت ئاوەکە بکڕن دواتر ئەو ئاوەی بەکاریدەهێنن دەبێت بۆ چەند جارێک بەکاربێتەوە.