قەزای بازیان: خاوەنی مانگاو ئاژەڵی بەرەڵا غەرامە دەکرێت وێنە:964
خاوەنی مانگا و ئاژەڵی بەرەڵا غەرامە دەکرێن
964+
هۆگرعەدنان – چەمچەماڵ
ماوەی دوو رۆژە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی مانگا و ئەسپ و گشت جۆرە ئاژەڵێکی بەرەڵا لە بازیان دەستیپێکردووە و خاوەنەکانیان غەرامە دەکرێن.
ئەم هەڵمەتە لەلایەن شارەوانی قەزای بازیانەوە دەکرێت، وەک رێکاریک دژی بڵاوبونەوەی پەتای خوێنبەربوون و پاکڕاگرتنی ژینگە و سیمای قەزای بازیان
هەڵمەتەکە دەستبەسەرداگرتنی سەگی بەرەڵا ناگرێتەوە، چونکە سەگە بەرەڵاکان پەیوەندیدارن بە بەشی ڤێتێرنەری بازیان.
نەوزاد جەلال، سەرۆکی شارەوانیی قەزای بازیان بە 964ـی راگەیاند، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باخچەکان و لیژنەی بەشی زیدەڕۆیی لە شارەوانی ناوەندی قەزای بازیان، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی مانگاو ئەسپ و تەواوی ئەو ئاژەڵانەی لەلایەن خاوەنەکانیانەوە بەرەڵا دەکرێن ئەنجامدەدەن، جاری یەکەم بڕی 50 هەزار دینار غەرامەی خاوەنی ئاژەڵەکان دەکەن، بۆ جاری دووەم و سێیەم بڕی غەرامەکان دەبێتە دوو هێندە و سێ هێندە، بۆ جاری چوارەم ئەگەر ئاژەڵەکانیان بەرەڵا بکەن، دەستی بەسەردا دەگیرێت و نادرێتەوە پێیان.
وتیشی، لە هەموو ناوەندی قەزای بازیان نزیکەی 100 ئاژەڵداری تێدایە، تەواوی خەڵکی بازیان ناکەین بە قوربانی لەبەر بەرژەوەندی چەند کەسێک، ئەم هەڵمەتە لە پێناو رێگری و تەشەنە نەسنەندنی پەتای تای خوێنبەربوونە لەو سنوورە،
ئاماژە بەوەش دەکات، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن ئاژەڵەکانیان بەرەڵا نەکەن و دواتر خەڵک بنێرن بۆ تەکلیف و لە ماوەی رابردووشدا چەندان جار ئاگادارکراونەتەوە و سەرپێچی یاساکانیان کردووە، بەڵام ئەم جارە رێکارەکان زۆر توندتر دەکەنەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی