ئاکرێ دەبێتە خاوەن زانکۆ
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
بە بڕیارێکی فەرمی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران کۆلیژی ئاکرێ دەبێتە زانکۆ و ئەمرۆ بریارەکە بەشێوەیەکی فەرمی دەرچووە.
رەشاد کەمال، راگری کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ بە 964ـی راگەیاند، بڕیاری کردنەوەی زانکۆ لە ئاکرێ هەنگاوێکی گەورە و مێژوویە و دەبێتە سەرەتایە بۆ پێشخستنی زانست لە ناوچەکە و کاریگەری ئەرێنی دەبێت، ئەمرۆ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانی بە زانکۆ بوونەکە درا و لە ئێستادا چاوەڕێی فەرمانی وەزارین لەم یەک دوو رۆژەدا و بەو فەرمانەش رێکارەکان جێبەجێ دەکرێت.
وتیشی، رێکارەکان لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆر و بۆردێکی تایبەت بە وەزارەتی خوێندنی باڵا رابەرایەتی دەکرێت، بۆیە لە ئێستادا ناتوانین ئەوە پشت راست بکەینەوە ئەو خوێندکارانەی بۆ سالی خوێندنی 2023 – 2024 وەردەگیرێن بە ناوی زانکۆی ئاکرێ وەربگیرێن یاخود لەسەر ناوی زانکۆی دهۆک دەمینێنەوە.
لە قەزای ئاکرێ سێ کۆلێژ هەن پێکهاتوون لە کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ و کۆلیژی ئینفۆرماتیک و کۆلێژی تەکنیکی ئاکرێ، هەردوو کۆلێژی ئینفۆرماتیک و کۆلیژی تەکنیکی سەر بە زانکۆی پۆلی تەکنیکی دهۆکن، هەروەها دوو پەیمانگا هەن پەیمانگای تەکنیکی ئاکرێ و بەردەڕەش.
ژمارەی خوێندکارانی کۆلیژی پەروەردەی ئاکرێ سێ هەزار خوێندکارن و ئێستا لە خوێندن بەردەوامن، ئەو کۆلێژە لە حەوت بەشی زانستی پێکهاتووە، ژمارەی خوێندکارانی پەیمانگای تەکنیکی ئاکرێ و کۆلیژی ئینفۆرماتیک دەگاتە 950 خوێندکار و پەیمانگای بەردەڕەش 800 خوێندکار.
پێداچوونەوە: توانا نەقی