"هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان" ئوسترالیای هەژاند

رۆماننووسە کوردەکە چووە خاکی ئوسترالیاوە

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەهرۆز بووچانی چووە خاکی ئوسترالیاوە، دوای ئەوەی بڕیارێکی سێ ساڵ پێش ئێستای وەزیری پێشووی کۆچ و کۆچبەرانی ئەو وڵاتە هەبوو، کە رێگەی پێنەدەدا بچێتە خاکی ئوسترالیاوە. بەهرۆز ئەو رۆماننووسەیە کە دۆخی پەنابەرانی لە ئوسترالیا کردە باسێکی جیهانی.

“هاتنی من ئوسترالیا نابێت وەک دەستکەوتێک سەیر بکرێت”، ئەمە وتەی بەهرۆز بووچانی بوو، کاتێک بۆ مەراسیمی ناساندنی کتێبە نوێکەی “ئازادی؛ تەنها ئازادی” گەیشتە شاری مالبۆرنی ئوسترالیا.

بەهرۆز بووچانی خەڵکی شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانە، نووسەر و رۆژنامەنووس و سینەماکارە. ساڵی ٢٠١٣ بە بەلەمێک ویستی لە ئیندۆنیزیاوە بگاتە ئوسترالیا، بەڵام بەلەمەکەیان تێک دەشکێت و تەنها نۆ کەسیان رزگاریان دەبێت. بەهرۆز یەکێک دەبێت لەو رزگار بووانە.

بەڵام وڵاتی ئوسترالیا بەهرۆز و هاوڕێکانی رەوانەی دوورگەی مانووس کرد. لەوێ کتێبە بەناوبانگەکەی “هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان” نووسی، کە دەربارەی گەشتەکەی و دۆخی پەنابەران لە دوورگەکە بوو و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

ماڵپەری SBS NEWS بڵاوی کردووەتەوە، بەهرۆز رایگەیاندووە هیچ کات شەڕی بۆ ئەوە نەکردووە لە ئوسترالیا دابنیشێت، چونکە حکومەتی وڵاتەکە گوێ ناگرێت و تا ئێستاش هیچ شتێک لە بارودۆخی پەنابەران نەگۆڕاوە.

ئەو نووسەرە لە رێگەی بەکارهێنانی واتسئەپەوە ئەو کتێبەی لە دوورگەی مانووس نووسی، کە دواتر بووە ئەنجامدانی هەندێک چاکسازی لەو دوورگەیەدا و هەروەها بەهۆیەوە خەڵاتی ڤیکتۆریای بۆ ئەدەب وەرگرت، کە بەناوبانگترین خەڵاتی ئەدەبیی ئوسترالیایە.

ئەو رۆماننوسە بووە هۆی دروستکردنی بەرەیەکی گەورە سەبارەت بە بارودۆخی پەنابەران لە ئوسترالیا، کە تا ئێستاش چاوەکان لەسەر ئەو وڵاتە تیژن و بەردەوام رەخنەی لێ دەگرن.