سلێمانی: ئاڵۆزی لە نێوان دوو هێزی ئاسایش و پۆلیس روویدا

+964
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لە نێوان دوو هێز لە ئاسایش و پۆلیس، لەسەر شەقامی 60 مەتریی سلێمانی ئاڵۆزی دروست بوو، تەقەش كراوه‌.

ئاڵۆزیی نێوان ئەو دوو هێزە، سه‌رله‌به‌یانی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ روویداوە، بۆ ماوەی 15خولەک لە بەردەم گەڕەکی سەرچنار شەقامەکە داخرا.

هێزەکەی ئاسایش هێزی ئۆپەراسیۆن و هێزەکەی پۆلیس هێزی فریاکەوتنی 104 بوون، کە لەسەر شەقامی مەلیک مەحمود رووبەڕووی یەکتر بوونه‌وه‌.

بە گوێرەی هەندێک گرتە ڤیدیۆ، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵکی ئاسایی تۆمار و بڵاویانکردووه‌تەوە، لە کاتی رووداوەکەدا دەنگی تەقەیەکی زۆر دەبیسترێت، بەشێکی تەقەکانیش روویان لە ئاسمانە.

لەبارەی هۆکاری رووداوەکە، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی بۆ تۆڕی 964 تەنیا وتی، “لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین و ئێستادا هیچ قسەیەکمان نییە”.

سۆراغی964 ئەوەی دەرخست، لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکەدا دوو کەس لەو هێزانەی رووبەڕووبوونەتەوە، بە سووکیی بریندار بوون، هەروەها دوو کەسی دیکەیان لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە کە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە هاتووەتە ناوچەکە، دەستگیرکراون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

سلێمانی: ئاڵۆزی لە نێوان دوو هێزی ئاسایش و پۆلیس روویدا