دهۆک یەکسان بوو
نەورۆز بە سێ خاڵ گەڕایەوە سلێمانی
964+
یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە سێ خاڵ گەڕایەوە سلێمانی و دهۆکیش بەرامبەر قاسم بەرامبەر بوو.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خولی نایابی عێراق لە گەڕی 33ـدا، یانەی نەورۆز لەسەر یاریگای زەوڕا لە بەغدا بووە میوانی یانەی دیوانییە و یانەی دهۆکیش لە کەربەلا بووە میوانی یانەی قاسم.
یانەی نەورۆز یارییەکەی بە 3 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و دهۆکیش بەبێ گۆڵ لەگەڵ قاسم یەکسان بوو.
گۆڵەکانی یانەی نەورۆز لە خولەکی 54+1ـی گێمی یەکەم لەلایەن محەمەد قاسم، هەروەها خولەکی 62ـی گێمی دووەم یاریزان نزار مەحمود گۆڵی دووەم و حسێن عەبدولواحید لە خولەکی 67 گۆڵی سێیەمی تۆمار کرد، یاریزان عەبدولقادر تارق تاکە گۆڵی خاوەن خاکی لە خولەکی 90+2 تۆمارکرد.
بەو ئەنجامە یانەی نەورۆز ژمارەی خاڵەکانی بۆ 44 خاڵ بەرز کردەوە و هاتە پلەی 10ـیەمی ریزبەندی، یانەی دیوانییەش بە فەرمی دابەزی بۆ پلە یەک، ئەگەرچی هێشتا پێنج یاری ماوە ئەنجامی بدات.
هاوکات یانەی دهۆکی ریزبەندی 8ـەم بە 45 خاڵ، بووە میوانی یانەی قاسم پلەی 17ـیەم بە 33 خاڵ.
یانەی دهۆک نەیتوانی یارییەکە بباتەوە و خۆی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی قایم بکات، بەو ئەنجامەش ئێستا بە 46 خاڵ هاتە پلەی حەوتەم و پێش یانەی هەولێر کەوت، بەڵام سبەی یانەی هەولێر لەسەر یاریگای خۆی میوانداری یانەی کەرخ دەکات، ئەگەر یارییەکە بباتەوە ئەوا بە 48 خاڵ دێتەوە ریزبەندی حەوتەم و نزیک دەبێتەوە لە یانەی نەجەف کە بە 49 خاڵ لە پلەی شەشەم دێت.
هاوکات سبەی یانەی زاخۆش دەبێتە میوانی یانەی نەوت، بردنەوە یان بەرامبەر بوون یانەی زاخۆ لە مانەوە لە خولی پلە نایاب بەهێزتر دەکات کە ئێستا بە 36 خاڵ لە پلەی 15ـیەمین دێت.