زانا پارە دۆزراوەکەی گەڕاندەوە
964+
هونەر فارس- دەربەندیخان
مامۆستایەکی قەزای دەربەندیخان بڕە پارەیەکی زۆری دۆزییەوە و دواتر بۆ خاوەنەکەی گەڕاندەوە.
بڕی پارە دۆزراوەکە نزیکی دوو دەفتەر دۆلاری ئەمریکی بوو، دوای لەبیرچوونی لەلایەن هاوڵاتییەکەوە، مامۆستایەک لە یەکێک لە مارکێتەکانی گوندی بانیخێڵانی سەر بە قەزای دەربەندیخان دەیدۆزێتەوە.
زانا حوسامەدین مامۆستای خوێندنگەی ئامادەیی چێواری کوڕانە لە قەزای دەربەندیخان، دوای دەوامی فەرمی لە یەکێک لە مارکێتەکانی گوندی بانیخێڵان کار دەکات.
ئەو مامۆستایە چیرۆکی دۆزینەوەی پارەکەی بۆ964 بەم شێوەیە گێڕایەوە، “جانتاکەم کردەوە دوو سەفتە دۆلاری ئەمریکی تێدابوو، دیاربووهی کەسێکە کە لە مارکێتەکە شتی کڕیوە و بیری چووە، دواتر زەرفێکی نامەم دۆزییەوە و لە ناو زەرفەکەدا مۆڵەتی شۆفێریی خاوەن پارەکەی تێدابوو، هەر ئەوکات پەیوەندیم پێوەکرد و بە ئەمانەتەوە پارەکەم بۆ گەڕاندەوە”.
ئەو باسی لەوەش کرد، بە هۆی ئەوەی رۆژانە هاوڵاتییەکی زۆر بە مەبەستی شت کڕین لادەدەنە مارکێتەکەی، زۆر جار شتومەک جێدەمێنێت و ئەوانیش بۆ ئاسوودەکردنی ویژدانی خۆیان، بۆ خاوەنەکانیانی دەگێڕنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا