گرێبەستانی پەرستیاری و سڕكردنی سەردەمی كۆرۆنا  گردبونەوە

“بەداخەوەم كە ئێستا دەڵێن كۆرۆنا تەواوبووە كارمان پێتان نەماوە”

+964

مەریەم  ئەحمەد

ژمارەیەک کارمەندی گرێبەستی تەندروستی بە نوێنەرایەتی ٥٠٠ کارمەندی گرێبەست داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن و دەڵێن؛بەداخەوەم كە ئێستا دەڵێن كۆرۆنا تەواوبووە كارمان پێتان نەماوە.

ئەمرۆ سێشەممە شەشی کانونی یەکەم، فەرمانبەرانی گرێبەستی سەردەمی كۆرۆنا، لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبونەوەو، داوایان دەکرد دایانبمەزرێنن.

ساڵی ٢٠٢٠، کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاوبووەوە، لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک دەرچووی بەشە پزیشکییەکان وەک کارمەندی تەندروستی خۆبەش و گرێبەست دامەزران، بەڵام ئێستا گرێبەستەکانیان بۆ نوێ نەکراوەتەوە.

هەرێم حەكیم، دەرچووی بەشی پەرستیاری کە لە کۆیەوە هاتبووە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ داواکردنی مافەکەی، قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ؛ سەرەتای دەستپێكردنی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكان رووبەڕووی ئەم پەتایە بووینەوە، تا کۆرۆنا مابوو گرێبەستیان بۆ نوێ دەکردینەوە بەڵام چەند مانگێکە  گرێبەستەکەیان  بۆ  نوێ  نەكردینەوە.

وتی “هاتووین داوا  لە  حكومەت  دەكەین  بكرێینە  هەمیشەیی ،  چونكە  كاتی  هەبوونی  كۆرۆنا  زۆربەی  دكتۆرەكان  نەخۆشخانەكانیان  چۆڵ  كرد،  بەڵام  ئێمە  وەكو  پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی نەخۆشییەكە رووبەروو بووینەوە”.

+964 دەزانێت، لە سەرتاسەری کوردستان ٥٠٢ کارمەندی بەشە پزیشکییەکان لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بە گرێبەست دامەزران، بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە گرێبەستەکانیان بۆ نوێ نەکراوەتەوە.

پەیامنێری +964 لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، گرێبەستانی کۆڤید١٩ لەسەرجەم  پارێزگا و شارەكانی هەرێمی كوردستان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران بوون و داوایان دەکرد بکرێن بە هەمیشەیی.

تەسنیم محەمەد، دەرچووی بەشی سڕكردنەو قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ؛ وەزارەتی تەندروستی پێیوتووین کە گرێبەستەکانتان نوێ ناکرێتەوە، “بەداخەوەم كە ئێستا دەڵێن كۆرۆنا تەواوبووە كارمان پێتان نەماوە”.

زیاتر وتی “مانگی حوزەیران گرێبەستەكانمان تەواو بووە، بەڵام تا سەرەتای مانگی تشرینی دووەم دەواممان كردووە، پێنچ مانگە یەك دنیارمان وەرنەگرتوە ئێمە چوارەمینجارە ئەم گردبونەوانە دەكەین لەپێش ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام هەر دەلێن گرێبەستەکەتان بۆ نوێ ناكرێتەوەو هیچ  بڕە پارەیەكیشتان بۆ خەرج ناکەین”.