چاوی لە خولی نایابی عێراقە
پێشمهرگهی سلێمانی راهێنهرێكی نوێی هێنا
+964
یادگار محەمەد – سلێمانی
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی گرێبەستی لەگەڵ راهێنەرێکی تۆپی پێ واژۆ كرد و دەیەوێت بگاتە ریزی یانە نایابەکانی عێراق.
بەمەبەستی رێکخستنەوە و دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێز بۆ وەرزی نوێی خولی تۆپی پێی یانە پلە یەکەکانی عێراق، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی متمانەی بەخشی بە عەمار حسێن کە وەک راهێنەری تیپی تۆپی پێ ی یانەکە دەستبەکاربێت.
عەمار حسێن لەدایکبووی شاری بەسڕەیە، پێشتر سەرکردایەتی هەریەک لە یانەکانی مینا، نەفتی وەسەت، نەفتی بەسڕە و حدوودی کردووە.
ویسام بازگ سەرپەرشتیاری گشتیی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، سەبارەت بە هاتنی ئەم راهێنەرە، بە تۆڕی 964 ـی رایگەیاند، خولی تۆپی پێی یانە پلە یەکەکانی عێراق گرنگییەکی گەورەی بۆ ئهوان هەیە، بۆیە بۆ وەرزی نوێ بە باشی ئامادەکاری بۆ دەکەن، تا بتوانن یانەکەیان بگەیەننە ریزی یانە پلە نایابەکانی عێراق.
وتیشی، دوای هەڵسەنگاندنی کارەکانی پێشووی و بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ئەزموونەی هەیەتی لە خولی عێراقدا، گرێبهستیان لەگەڵ عەمار حسێن کردووە.
لە وەرزی پێشووی خولی یانە پلە یەکەکانی عێراقدا، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی بەدەستهێنا و بەمەش نەیتوانی بگاتە ریزی یانە پلە نایابەکان.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا