لای شوفێر وەک تاسە دەردەکەوێت

شوێنی پەڕینەوە کرایە سێ رەهەندی

964+

فەرمان سادق

ئەندازەی هاتوچۆی زاخۆ شوێنی پەڕینەوە لە رەنگی زەرد و سپی دەگۆڕێت بۆ رەنگی سوور و وێنەی سێ رەهەندی کە لای شوفێر وانیشانی دەدات کە تاسەیە.

لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی ‌هێڵکاری شەقامەکان بە ئامێری نوێ و بۆیەی گەرم لەلایەن ئەندازەی هاتوچۆوە دەستی پێکردووە و سەرەتای هەڵمەتەکەش لە شاری هەولێر دەستیپێکرد.

ئێستا لە زاخۆ، دوای رەزامەندی بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەشی ئەندازەی هاتوچۆی شارەکە لەگەڵ کۆمپانیای کاڤین رێکەوتوون کە بۆیەکردنەوەی چەند شوێنێکی پەڕینەوە بە دیزاینی وێنەی سێ رەهەندی.

یەکەم شوێن کە بە سێ رەهەندی کراوە، بەردەم ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوو کە دوێنێ کارەکە تەواوکراوە.

سولیم رەشید رەمەزان، بەرپرسی ئەندازەی هاتوچۆی زاخۆ بە 964ـی وت، ئەوەی کراوە بە رەزامەندی بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بووە، پێشتریش وەها شوێنێکی پەڕینەوەی سێ رەهەندی لە تورکیامان بینیوە و کۆمپانیای کاڤینی تورکی کارەکەیان ئەنجامداوە.

ئەو رەنگکردن و وێنە سێ رەهەندییە لەلای شوفێر وادەردەکەوێت کە تاسەیە، ئەمەش ناچاری دەکات ئۆتۆمبێلەکەی هێواش بکاتەوە.

دەشڵێت: قۆناغی یەکەم چەند شوێنێک وا لێدەکرێت، ئەگەر سەرکەوتوو بووین و خەڵک نارەزایەتی نەبوو ئەوا شوێنەکانی تریش والێدەکەین.

رەنگردنی شوێنی پەڕینەوە بە رەنگی سوور و وێنەی سێ رەهەندی، یەکەمجارە لە کوردستان و عێراق لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجامبدرێت.