لە سەربڕخانەی هەولێر 12 ساڵە تای خوێنبەربوون تۆمار نەکراوە
964+
فەرمان سادق
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان رێنماییەکان بۆ سەربڕینی قوربانی توندتر دەکرێن، بەڕێوەبەر سەربڕخانەی هەولێریش دەڵێت، 12 ساڵە هیچ حالەتێکی تای خوێنبەربوون لەناو سەربڕخانە تۆمار نەکراوە.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر بە 964ـی وت، تاوەکو ئێستا هیچ هاوڵاتییەک بۆ ئەنجامدانی قوربانی ناوی خۆی تۆمار نەکردووە، رەنگەی هەفتەی داهاتوو لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژن خەڵک ناوی خۆیان تۆمار دەکەن.
پارساڵ تەنیا 16 کەس ناوی خۆی تۆمارکردبوو، بەڵام ژمارەیەکی زۆرتری خەڵک سەردانی سەربڕخانەیان کرد بێ ئەوەی ناوی خۆی تۆمار بکەن.
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رێنمایی لەبارەی سەربڕین و قوربانی رابگەیەنێت.
هەڵمەت نوری دەشڵێت: لەوەتەی پەتای تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە هیچ حاڵەتێک لە هیچ مانگا و گۆلک و مەڕ و بزن و کاوڕ و گوێرەکە لە سەربڕخانەی هەولێر تۆمار نەکراوە، تەنانەت لە 12 ساڵی رابردووش هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە.
وتیشی “خەڵک لە کۆڤید19 ترساوە، بۆیە ئەگەر ئەمساڵ قوربانی بکەن ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە قوربانیەکەیان لە سەربڕخانە سەردەبڕن”.