لە هەرێمی کوردستان ئەمشەو وەرزی هاوین دەستپێدەکات

964+

فەهمی نەبی

بەهۆی گۆڕانکاری وەرزیی ساڵانە، ئەمشەو لەبەشێکی نیمچە گۆی زەوی سەرەتای دەستپێکی وەرزی زستان دەبێت و لەبەشێکی دیکەی سەرەتای دەستپێکی وەرزی هاوین دەبێت، لە هەرێمی کوردستان وەرزی هاوین دەستپێدەکات.

رێککەوتی 21ی حوزەیران لە هەرێمی کوردستان و ئەو وڵات و ناوچانەی دەکەونە نیوە گۆی باکوری زەوی، رۆژ درێژ دەبێت و شەو دەگاتە کورتترین ماوەی، بەمەش وەرزی هاوین دەستپێدەکات، ئەمە بەپێی شارەزایەکی جوگرافیا کە بۆ 964 قسەیکردووە.

بەپێی گۆڕانی وەرزی، لەبەشی باشوری نیمچە گۆی زەوی، ئەمشەو درێژترین شەوی ساڵ دەبێت، کە لە ئەدەبیاتی کوردی پێی دەوترێت شەوی یەڵدا، ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ئەمشەو وەرزی زستان لێیان دەستپێدەکات 24 وڵاتن.

سیروان ساڵح، شارەزای جوگرافیا و کەشناسی بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ئەو وڵاتانەی لە هێڵی سفری کەمەرەیی بەرەو خوارن دەکەونە نیوەگۆی باشوری زەوی، سێ کیشوەرن، لەنێویاندا هەریەکە لە وڵاتەکانی کیشوەری ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکای باشورە، ئەوانەشی لە هێڵی سفری کەمەرەیی بەرەو سەرەوەن وەرزی هاوین دەبێت.

ئەو شارەزایەی جوگرافیا ئەوەشی وت، تیشکی خۆر لەسەر خولگەی قرژاڵ ئەستوون دەبێت لەسەر هێڵی بازنەیی پانی 23.5 ی باکور، بەمەش ئەمشەو لە کاتژمێر 12 بەولاوە وەرزی هاوین دەستپێدەکات.

بەپێی بەشی پێشبینی وەزارەتی گواستنەوە، سبەی رۆژی چوارشەممە 21.6.2023 یەکەم رۆژی وەرزی هاوین، پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرزتر دەبنەوە بەراورد بە رۆژی پێش خۆی، بەمجۆرەیە:
هەولێر: 37 پلەى سیلیزى
سلێمانی:38 پلەى سیلیزى
دهۆک:35 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 40 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 39 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 36 پلەى سیلیزى
سۆران: 35پلەى سیلیزى
گەرمیان:42 پلەى سیلیزى