80 رۆژە وەستاوە

گفتوگۆکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستی پێکردەوە

964+

فەرمان سادق

تیمی هونەری وەزارەتی نەوتی عێراق و وزەی تورکیا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس لە 25.3.2023، ماوەی 80 رۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان وەستاوە کە لەلایەن وڵاتی تورکیاوە وەستێندرا.

هەرێمی کوردستان رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە کە گفتوگۆ هونەرییەکان لەسەر دووبارە ناردنەوەی نەوتی کوردستان لەگەڵ لایەنی تورکی دەستیپێکردووە، چاوەڕوانیش دەکرێت دانیشتنەکان بەردەوام بن.

کۆبوونەوەی شاندی هونەری هەردوولا ئەمڕۆ دووشەممە 18.6.2023 لە بەغدا بەڕێوەچوو.

دکتۆر گۆڤەند شێروانی، شارەزای بواری نەوت بە 964ـی وت، لە دانیشتنەکەدا شاندی تەکنیکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانیش بەشدار بوون، یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە پێی راگەیاندنم کە لە بەغداوە ئاگادار کراوینەتەوە لەسەر ئامادەبوونمان لە کۆبوونەوەکە.

دەشڵێت: مادەم گفتوگۆکان گەیشتنە ئاستی تەکنیکی و کارگێڕی و دارایی، بە مانای ئەوەدێت هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا لە دیوە سیاسییەکەی گەیشتوونەتە رێکەوتن.

زیاتر وتیشی “لە دیوە تەکنیکیەکەی قسە لەسەر کرێی بۆڕی و وێستگەکانی پەمپ و ئەمبارەکانی بەندەری جەیهان و وردەکارییەکانی دەکرێت، تەنانەت عێراقیش دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بکات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کە ساڵی 2025 کۆتایی دێت”.