مامۆستایانی ئاینی بەحرکەش دژی کردنەوەی نەخۆشخانەی نەخۆشییە گوازراوەکان هاتنە دەنگ
964+
دیسکی هەولێر
نارەزایەتی کردنەوەی نەخۆشخانەی نەخۆشییە گوازراوەکان لە ناحیەی بەحرکە گەیشتە سەر مینبەری مزگەوت، مامۆستایەکی ئایینی داوا لە ئومێد خۆشناو دەکات پشتگیرییان بکەن لە گۆڕینی رەگەزی نەخۆشخانەکە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، بە فەرمی نەخۆشخانەی نەخۆشییە گوازراوەکان لە ناحیەی بەحرکە کرایەوە، ئەمەش نیگەرانی دانیشتووانی بەحرکەی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوکات ترس و دڵەڕاوکێشی بەرانبەر نوخۆشییە گوازراوەکان لێکەوتەوە.
لەسەر ئەو پرسە لە ٢٤ـی تشرینی یەکەمی رابردوو، واتە ٤٠ رۆژ پێش ئێستا، گروپێکی پارێزاەرانی دانیشتووی بەحرکە بە نوێنەرایەتی خەڵکەکە بە فەرمی ناڕەزایەتی گەیاندە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و داوایانکرد رەگەزی نەخۆشخانەکە بگۆڕدرێت بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەحرکە.
ناحیەی بەحرکە، لە رووی کارگێڕییەوە سەربە قەزای عەنکاوەیەو ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس دەبێت و، تەنیا ١٠ کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە.
مەلا سابیر محەمەد، وتاربێژی مزگەوتی کۆمەڵگای بەحرکە لە وتاری رۆژی هەینی، جارێکی تر ئەو پرسەی وروژاندەوەو، دەڵێ؛ تەنیا ناوەکە بەسە بۆ ئەوەی خەڵک بترسێت.
لەو وتارەدا کە دەست 964+ کەوتووە، داوا لە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی دەکات کە نەخۆشخانەی نەخۆشییە گوازراوەکان نابێت لەناو خەڵک بکرێتەوە، وتی “شوێن زۆرە، دەتوانن لە پشت نەخۆشخانەی پێشمەرگە کە چۆڵەوانییە، ئەو نەخۆشخانەیە دروست بکەن”.
نەخۆشخانەی پێشمەرگە، دەکەوێتە پشت گوندی کۆری لەسەر شەقامی بازنەیی ١٥٠ مەتری، سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیەو ئەڵمانییەکان دروستییان کردووە.
مەلا سابیر محەمەد، لە بەشێکی وتارەکەیدا روو لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەکات و، داوای لیدەکات لە بەرانبەر پێداگیری وەزیری تەندروستی پشتگیرییان بکات کە خەڵکی بەحرکە داوا دەکەن شوێنەکە بکرێت بە نەخۆشخانەی فریاکەوتن.
ئەگەرچی نەخۆشخانەکە دوو مانگ بەسەر کردنەوەی تێپەڕیوە، بەڵام وەک سامان سەلمان، لە راگەیاندنی تەندروستی هەولێر بە 964+ـی وت؛ بەهۆی نەبوونی کارمەندەوە هێشتا نەخۆشخانەکە نەکراوەتەوەو نەخۆشی تێدا نەخەوێندراوە.
سامان سەلمان، لە پەیوەندییەکەی تەلەفۆنیدا قسەی بۆ پەیامنێری 964+ کردووە، ئەوە رەتدەکاتەوە کە نەخۆشانی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز، لەو نەخۆشخانەیە بخەوێندرێت، وتی؛ ئەوان پێویستیان بە چاودێری چڕ هەیە.