لەسەر دەستشکانەوە بووە
زانیاری لەسەر شەڕەکەی شەوی رابردووی ئاکرێ
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
درەنگانی شەوی رابردوو لە ترافیکلایتی گەڕەکی ئالەهی، لە سەنتەری قەزای ئاکرێ، شەڕ لە نێوان چەند گەنجێک روویدا و ژمارەیەک برینداری لێکەوتەوە.
موقدەم عیماد حسێن، وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ بە 964ی وت، شەڕەکە لەسەر دەستشکانەوە روویداوە و گەنجەکان بە بۆکس لە یەکیان داوە، بنکەیەکی پۆلیس لەو شوێنە نزیک بووە و هەر زوو پۆلیس گەیشتووەتە شوێنەکە و رەوشەکەی ئاسایی کردووەتەوە.
کەسێک رەوانەی نەخۆشخانە کراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام برینەکەی سووک بووە و هەر لە نەخۆشخانە هەردوو لایەنی شەڕکەر ئاشتبوونەتەوە و هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە، وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ وای وت.
گەنجەکان پێش گەیشتن بە ترافیکلایتی گەڕەکی ئالەهی، دەستیانشکاندووەتەوە سەر یەکتری و دوای گەیشتن بە ترافیک و وەستان شەڕەکە دروست بووە.
شایەتحاڵێک کە لە شوێنی رووداوەکە بووە، بە 964ی وت، پێنج کەس برینداربوون، بەڵام برینەکانیان سووک بووە و لە نەخۆشخانە چارەسەریان وەرگرتووە و دواتر رەوانەی ماڵەوە کراون.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر