195 ملیار دیناریان پێدراوە

جووتیارانی هەرێم نزیکەی 230 هەزار تۆن گەنمیان داوەتە سایلۆکان

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

تا ئێستا جووتیارانی هەرێم نزیکەی 230 هەزار تۆن گەنمیان رادەستی سایلۆکان کردووە و زۆرترین بڕ لە پارێزگای سلێمانی رادەستکراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی بە 964ی راگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی 108،156 تۆن گەنم، 77،050 تۆن و لە هەولێریش 44،268 تۆن گەنم رادەستکراوە و پرۆسەکە بەردەوامە.

بە هەمووی، گەنمی وەرگیراو لەو سێ پارێزگایەدا دەکاتە 229 هەزار و 474 تۆن.

حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت.

بەو پێیە، جووتیارانی هەرێم نزیکەی 195 ملیار دیناریان پێدراوە بە چەک.

سەرەتای ئەم مانگە، حکومەتی عێراق پشکی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی بۆ هەرێم زیادکرد و لە 375 هەزار تۆنەوە کردی بە 500 هەزار تۆن.

ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت.