لە 5 تا 25 ملیۆن دینار دەبێت

بانکی رافیدەین پێشینەی دیکە دەدات

964+

توانا نەقی

بانکی رافیدەینی عێراق بۆ جارێکی دیکە دەستدەکاتەوە بە پێدانی پێشینە و ئەم جارەیان دەدرێت بە هێزەکانی ناوخۆ و بەرگری.

نووسینگەی راگەیاندنی بانکی رافیدەین بڵاویکردەوە، بڕی پێشینەکە 5 تا 25 ملیۆن دینار دەبێت و بە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنی دەدرێت بەو کەسانەی کە لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگرین.

ئەوەش هاتووە، پێشینەکان لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنی دەبێت و کارمەندانی ئەو شوێنانە دەتوانن لێی سوودمەندبن.

بانکی رافیدەین دەڵێت، پێشینەکانی حەشدی شەعبیش دەگرێتەوە، هەروەها پێدانەکە بە چەند قۆناغێک دەدرێت بە پێی خشتە و کاتی دیاریکراو.

964 دەزانێت، ساڵانێکی زۆرە هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید لەسەر ئاستی عێراق دەیان جۆر پێشینە دەدەن بە هاوڵاتییان و فەرمانبەران، هەر لە پێشینەی هاوسەرگیری بگرە تا دەگات بە کشتوکاڵ، هەروەها قەرزی کڕینی ئۆتۆمبێل تا دەگات بە قەرزی کڕینی خانوو، بەڵام لە تەواوی ئەو خزمەتگوزارییانە خەڵکی هەرێمی کوردستان بێبەش بوون و تەنانەت ئەو دوو بانکە لقیان لە هەرێمی کوردستانیش نییە.

پێشتر و لە مانگی یەکی ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە لە رێگەی کردنەوەی بانکێک بەناوی بانکی نیشتیمان کە سەرمایەکەی 250 ملیار دینار دەبێت ئەو کات 25 ملیاری تێدابوو، قەرز یاخود پێشینە دەدات بە هاوڵاتیان، بەڵام تا ئێستا نەکوتووەتە کار و هیچ هاوڵاتیەکیش پێشینەی وەرنەگرتووە لە هەرێـم.