تایەی چینی دەستی بەسەربازاڕدا گرتووە

964+
دیلان محەمەد جەزا

تایەی چینی جێی بە جۆرەکانی دیکە لێژکردووە، فرۆشیارێک دەڵێت، “بۆ ئەم شەقامە
خراپانەی ئێمە تەنیا ئەو تایانە بەرگە دەگرن”.

بە قسەی فرۆشیارەکان، ئێستا لە سلێمانی تایەی چینی 90%ـی بازاڕ پێکدێنێت و ئەوەی دیکە تایەی تایلەندی و یابانی
و کۆری و تورکین.

تایەی چینی لە رووی نرخەوە ھەرزانە، جووتێکی ئاسایی بە 55 دۆلارە، بەڵام ھەمان قەبارە گەر یابانی بێت
نرخەکەی 110 دۆلارە، بۆیە خواست لەسەر تایەی چینی زیاترە.

سامان عەبدوڵا کە پیشەی تایەفرۆشە بە تۆڕی 964 وت، “تایەی چینی چوار وەرزە و ھاوڵاتی
پێویست ناکات لە زستان و ھاویندا تایە بگۆڕێت، لەگەڵ کەشی ھەرێمی کوردستاندا گونجاوە”.

سۆران غەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بۆ 964ی باسکرد، کە بەردەوام چاودێری بازاڕی تایەفرۆشان دەکرێت و نرخی ھەریەکە لە تایە و ویل و پاتری و چەندانی دیکە وەردەگیرێت.

ئەوەی خستەڕو، لەبەر ئەوەی بازاڕ ئازادە، ھەر بازرگانێکیش ئازادە بەرھەمی چ وڵاتێک دەھێنێت
، ئەوەی گرنگە کوالێتی بەرھەمەکان بەرز بن.