خولێکی فریاکەوتنی مەلەوانی کرایەوە
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە شاری سلێمانی خولێکی فریاگوزاری سەرەتایی (رزگارکەری ژیان) بۆ سەرجەم راهێنەران و چاودێران و یاریزانانی مەلەوانی کرایەوە.
لەژێر چاودێری نوێنەرایەتی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان و فیدراسیۆنی مەلەوانی عێراق، فیدراسیۆنی مەلەوانی لقی سلێمانی، خولێکی رزگارکەری ژیانی بۆ راهێنەر و چاودێر و مەلەوانان کردەوە.
نەجمەدین نەسرەدین سەرۆکی لقی سلێمانی فیدراسیۆنی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ تۆڕی 964 رایگەیاند، ئەم چالاکییە بۆ رێکخستنەوە و سەرلەنوێ دانانی بناغەیەکە بۆ پێدانی بڕوانامە بە مەلەوانگەکان و ئەپدەیتی راهێنەر و چاودێرانە تاوەکو بە رێکاری یاسایی سەرپەرشتی مەلەوانگەکان بکەن.
قۆناغی تاقیکردنەوەی خولی فریاگوزاری سەرەتایی مەلەوانی بۆ هەردوو ئاستی کوڕان و کچان، کە لە هەردوو مەلەوانگەی ئیمپایەر و ئێم کۆمپلێکس بەڕێوەچوو، ماوەی دوو رۆژی خایاند و 80 کوڕ و 50 کچ بەشداریان تێدا کرد.