زێرەڤانی پێشمەرگەکانی چەک دەکات
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
بە مەبەستی نەهێشتنی دیاردەی چەکداری، هێزەکانی زێرەڤانی رێگە نادات پێشمەرگەکانی چەکەکانیان لە دەوام ببەنەوە ماڵەوە.
ئەو بڕیارەی فەرماندەیی زێرەڤانی چەند رۆژێکە دەرچووە، ئەمەش ناڕەزایەتی لەلای هەندێک لە پێشمەرگەکان دروستکردووە بەهۆی ئەوەی ئەو چەکانەی هەیانە، هی خۆیانە نەک فەرماندەیی زێرەڤانی.
عەمید دێدەوان خورشید، بەرپرسی راگەیاندن و رۆشنبیری فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە 964ـی وت، هەر کەسێک ببێتە پێشمەرگە بە چەکی خۆی شەخسی، ئەوا ناو و ژمارەی چەکەکەی لەسەر تۆمار دەکرێت و دەبێتە زیمە لەسەری.
دەشڵێت: ئەو بڕایرەی دراوە ئامانج لێی نەهێشتنی چەکە لە ماڵەکاندا، ئەم پڕۆسەیە زیاتر ئەو پێشمەرگانە دەگرێتەوە کە چەکی خۆیان هەیە، نەک ئێمە پێمانداون.
بەڵام سەروان هەرکی، پەرلەمانتاری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، “ئەم پڕۆسەیە تەنیا لەناو هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی هەیە، کارەکەش نایاساییە”.
سەروان هەرکی قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ناکرێت پێشمەرگەیەک لەسەر گیرفانی خۆی چەک بکڕێت، دواتر رادەستی فەرماندەی بکاتەوە، ئەمە ناحەقیە بەرامبەر پێشمەرگەکانیان دەیکەین.
زیاتر وتیشی “بە زووی داوامان کردووە، ئەم پڕۆسەیە رابگیرێت”.
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لەساڵی 2005ـەوە دامەزراوە و ژمارەیان زیاتر لە 50 هەزار پێشمەرگەیە، سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق