به نیازن ده‌رزى نه‌زۆكى له سه‌گه‌كان بده‌ن
هه‌ر كاره‌با نا سه‌گى به‌ڕه‌ڵاش چۆمانى هه‌راسان كردووه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
سنوورى قه‌زاى چۆمان رووبه‌ڕووى دوو گرفت بووه‌ته‌وه، كه‌مبوونه‌وه‌ى كاره‌با له هه‌رێم رووی له‌وێش كردووه، به‌ڵام سه‌گى به‌ڕه‌ڵا گرفتێكی دیکەیە و خه‌ڵكی هه‌راسان كردووه.
سواره ئه‌كرم، قایمقامی قه‌زاى چۆمان، نایشارێته‌وه ئه‌و دوو گرفته له سنوورى قه‌زاكه‌دا هەن، به‌ڵام بۆ كه‌می كاره‌باكه ده‌ڵێت، كێشه‌یه‌كی گشتییه و بڕیاره به‌م زووانه چاره‌سه‌ر بكرێت.
قایمقام، به 964ـى راگه‌یاند، كێشه‌ى كاره‌با له كۆمپانیاى دانا غازه‌وه‌یه، كه خه‌ریكی سیانه‌كردنن، وتیشی “پێمان وتراوه له ماوه‌ى 48 كاتژمێرى داهاتوودا چاره‌سه‌ر ده‌كرێت”.
له باره‌ى بوونى سه‌گى به‌ڕه‌ڵاش له‌ناو كۆڵانه‌كانى چۆماندا، سواره ئه‌كره‌م، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، له رێگه‌ى شاره‌وانییه‌وه چه‌ند جارێك هه‌ڵمه‌تێك بۆ دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌و سه‌گانه ئه‌نجامدراوه، به‌ڵام به یه‌كجارى چاره‌سه‌رنه‌كراون.
وتیشی “دووریى شه‌ڵته‌رى سۆران، گرفتێكه كه نه‌تواندرێت ئه‌و سه‌گانه ببردرێنه ئه‌و شوێنه”.
باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌ڵمه‌ته‌كانى شاره‌وانى بۆ دوورخستنه‌وه‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌شڵێت “كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت ده‌رزى له‌و سه‌گانه بدرێت بۆ ئه‌وه‌ى چیتر زاووزێ نه‌كه‌ن”.