وێنه: سۆسیال میدیاى مه‌له‌كان
گوندى مه‌له‌كان بڕیاری قه‌ده‌غه‌ى راوكردنی دا
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
خه‌ڵكى گوندى مه‌له‌كان له دۆڵى بالیسان، قه‌ده‌غه‌ى راوكردنى باڵنده و ئاژه‌ڵى كێوییان راگه‌یاند و داواش له خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ى گونده‌كه‌یان ده‌كه‌ن، له سنووره‌كه‌یاندا راونه‌كه‌ن.
گه‌نجان و ریشسپیانى گوند، به‌یه‌كه‌وه بۆ پاراستنى ژینگه‌ى سنووره‌كه‌یان ئه‌و بڕیاره‌یان داوه.
بێستون عه‌لی، گه‌نجێكی ئه‌و گونده‌یه به 964ـى وت، ئه‌وان له مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وتى خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ى گونده‌كه‌یان نیگه‌رانن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى راوى باڵنده و ئاژه‌ڵ له سنووره‌كه‌یان ده‌كه‌ن.
وتیشی “تا ئێستا ده‌یان باڵنده و ئاژه‌ڵیان راوكردووه و بەهۆی ئه‌و راوکردنه‌شه‌وه بەتایبەتی کەو و کەروێشک خه‌ریكه بەرەو نه‌مان ده‌چن”.
بێستون ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، خه‌ڵكى هه‌بووه له سنوورى گونده‌كه‌یان داریشی بڕیوه، بۆیه ده‌ڵێت، “ناچاربووین بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى راوكردن به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه بده‌ین”.
به پێی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ى خه‌ڵكى مه‌له‌كانیش له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویانكردووه‌ته‌وه، هەر کەسێک له سنوورى گونده‌كه‌یان ببیندرێت به مه‌بەستى راوكردن، لەلایەن خەڵکی گونده‌وە بە هەموو شێوەیەک لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت و راده‌ستى یاسای ده‌كه‌ن.