وەزارەتی بازرگانیی هەرێم وا دەڵێت

18 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران گەیشت

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی بازرگانیی هەرێم رایگەیاند، وەک وەجبەی دووەم بڕی 18 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم خراوەتە سەر حیسابی وەزارەت.

ئەم هەواڵەی وەزارەتی بازرگانی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە راگەیەنراوە، بە جۆرێک ئەوەش هاتووە ئەم بڕە پارەیە لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبازاڕکردنی گەنمی حکومەتی عێراقیە.

لەو 18 ملیار دینارەی هاتووەتەسەر حیسابی وەزارەتی بازرگانی، سێ ملیار دیناری بۆ پارێزگای هەولێر بووە و 10 ملیاری بۆ پارێزگای دهۆک و پێنج ملیار دیناری بۆ پارێزگای سلێمانیە.

لە ماوەی ئەمساڵدا ئەوە دووەمجارە پارە دەخرێتە سەر حیسابی وەزارەتی بازرگانی هەرێم، سەرەتای وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم حکومەتی عێراق 40 ملیاری ناردبوو.

چەند رۆژێک بەر لە ئێستا نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە 964ـ قسەی کرد و وتی، ئەو سەقفەی کە دیاری کرابوو بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە 375 هەزار تۆنەوە بەرزکراوەتەوە بۆ 500 هەزار تۆن.

وتیشی، چاوەڕێ دەکەن بۆ ئەمساڵ 750 بۆ 800 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگرن، ئەوەشی دەمێنێتەوە هەوڵدەدەن بازاڕی بۆ بدۆزنەوە و ساغی بکەنەوە.