کشتوکاڵی زاخۆ مژدە دەداتە جووتیاران

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

کشتوکاڵی زاخۆ جوتیاران ئاگاداردەکاتەوە، حکومەتی عێراقی رێژەی وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستانی زیادکردووە و سایلۆکانیش جێگەی زیاتریان دەبێت.

ئەمساڵ بەراورد بە پار، لە تەواوی هەرێمی کوردستان گەنمی بەرهەمهێندراو زیاتر بوو، لە زاخۆش بەهەمان شێوەیە، بەجۆرێک هەندێک لە جووتیارەکان نیگەرانن لەوەی رەنج بە خەسار بچن.

ئەمساڵ لە سنوری ئیدارەی زاخۆ 120 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە.

کەمال یوسف جووتیارێکی زاخۆیە و بە 964ی وت، ئەمساڵ 120 تۆن گەنمی بەرهەمهێناوە، بەڵام تەنیا 30 تۆن گەنمی لێوەردەگرن و نازانێت چی لە باقییەکەی بکات.

لای خۆیەوە، سەلمان محەمەد بەڕێوەبەری کشتوکاڵی زاخۆ بۆ 964ی باسی کرد، جگە لەوەی حکومەتی عێراق بڕی وەرگرتنی گەنمی زیادکردووە، هاوکات، رەنگە باڵانسی جووتیارە تۆمارکراوەکانی سایلۆ بگەڕێتەوە بۆ جووتیارەکانی دیکە.

مەبەستی لە باڵانسی جووتیار ئەوەیە، ژمارەیەک جووتیار هەن باڵانسیان بۆ دیاریکراوە کە ساڵانە بڕێک گەنم بخەنە سایلۆکانەوە، بە قسەی سەلمان محەمەد، هەندێک جووتیار هەن ئەمساڵ هیچ بەرهەمێکیان نەبووە، بۆیە دواجار ئەو باڵانسە دەدرێتەوە بەوانی دیکە.

ئەگەرچی حکومەتی عێراق بڕی وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستانی لە 375 هەزار تۆنەوە بۆ 500 هەزار تۆن زیادکرد، بەڵام هێشتا گەنمەکەی ئەمساڵ هێندە زۆرە ئەو زیادکردنەش دادی نادات.