له‌ 12 هه‌زاره‌وه‌ بووه‌ته‌ 3523

منداڵانى كارپێكه‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان رووى له‌ كه‌مبوونه‌وه‌یه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌ پێی دوو ئامارى جیاواز، كه‌ ده‌ست 964 كه‌وتووه‌، له‌ ماوه‌ى سێ ساڵدا به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رچاو ژماره‌ى منداڵانى كارپێكه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان رووى له‌ كه‌مبوونه‌وه‌یه‌.

هۆكارى زۆربوونى ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ شاره‌كانى هه‌رێم ئه‌وه‌بووه‌، كه‌ زۆرینه‌ى ئه‌و منداڵانه‌ بریتى بوونه‌ له‌ په‌نابه‌ره‌كانى سووریا و ئاواره‌كانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق.

به‌پێی ئامارێكی رێكخراوى منداڵپارێزى كوردستان، كه‌ له‌ ساڵى 2020 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ژماره‌ى منداڵانى كارپێكه‌ر له ‌شاره‌كانى هه‌رێمی كوردستان،‌ نزیكه‌ى 12 هه‌زار منداڵه‌ به‌ هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌یه‌وه‌.

ته‌مه‌نى ئه‌و منداڵانه‌ش له‌ نێوان سێ تا 17 ساڵیدا بوونه‌.

هه‌ر به‌ پێی ئاماره‌كه،‌ كه‌ عه‌لى ئیبراهیم، سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ سلێمانى رایگه‌یاندووه‌، ئه‌و منداڵانه‌ كارى جۆراوجۆر ده‌كه‌ن و دابه‌شی سه‌ر سێ به‌ش بوون، ئه‌وانیش 40% ئه‌و منداڵانه‌، منداڵى په‌نابه‌ره‌ سورییه‌كانن، 30% یان له‌ منداڵى ئه‌و خێزانه‌ ئاوارانه‌ن، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراقه‌وه‌ هاتبوون، 30% یش منداڵانى هه‌رێمی كوردستانن.

به‌پێی نوێترین ئاماریش كه‌ ئه‌مڕۆ 12.6.2023 له‌ وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌رێمی كوردستان وه‌رگیراوه‌، ژماره‌ى منداڵانى كارپێكه‌ر له‌هه‌رێمى كوردستاندا، سێ هەزار و 523 منداڵه‌.

لە پارێزگای هەولێر به‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆرانیشه‌وه‌ 1007 منداڵى كارپێكه‌ر هه‌ن.

لە سلێمانی به‌ هه‌ردوو ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانى گه‌رمیان و راپه‌ڕین 1342 منداڵ و لە پارێزگای دهۆكیش به‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى زاخۆوه‌ 1050 منداڵ و لە پارێزگای هەڵەبجەش تەنیا 124 منداڵی كارپێكەر تۆماركراون.

به‌ پێی هه‌ردوو ئاماره‌كه‌، له‌ماوه‌ى سێ ساڵى رابردوودا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌شت هه‌زار و 477 منداڵى كارپێكه‌ر كه‌میكردووه‌.