"ئاسایشی گه‌شتیاران پارێزراوه‌"

ته‌واوى ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی زاخۆ به‌رووى گه‌شتیاران كراونه‌ته‌وه‌

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

گه‌شتوگوزارى زاخۆ ده‌ڵێت، ته‌واوى ناوچه‌ى گه‌شتیاری له‌ سنوورى ئیداره‌كه‌یاندا، دواى  نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شێكیان، دابینكردنى ئاسایشی گه‌شتیاریش له‌ هه‌ندێك ناوچه‌، به‌ڕووى گه‌شتیاراندا كراونه‌ته‌وه‌.

ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان‌ى شەڕانش، بهێر، سووڕیا، كه‌ له‌ سنوورى ناحیەی دەرکارین لە قەزای باتیفا، له‌و ناوچه‌ گه‌شتیاریانه‌ى زاخۆن دواى نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان و ناوچه‌ى گه‌شتیارى پەرەخیش دواى دابینكردنى ئاسایشی گه‌شتیاری‌ به‌ رووى گه‌شتیاران كرانه‌وه‌.

چیا ئەمین، بەرێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ بە 964ـى وت، گەرەنتی ئاسایشی گەشتیارییان لە ناوچە شاخاوییەکان بە تەواوەتی ده‌سته‌به‌ركردووه‌، وتیشی “بەهەماهەنگی هەردوو حکومەتی هەرێم و مەرکەزی لەگەڵ تورکیا، دۆخى ئه‌منى ئه‌و ناوچانه‌ ئاسایی بووه‌ته‌وه‌ و چه‌ندین خاڵیشمان بۆ پاراستنى ئاسایشی گه‌شتیاران له‌و ناوچانه‌دا داناوه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئەم ساڵە لە چاو ساڵانى تر زاخۆ جیاواز دەبێت لەرووی گەشتیارییه‌وه‌ چونكه‌ ده‌ڵێت “له‌ 90% ناوچە گەشتیارییەکان نۆژەنکراونه‌ته‌وه‌”.

پێشبینیش ده‌كات، ئه‌مساڵ 500 هه‌زار گەشتیار سه‌ردانى ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانیان بكه‌ن.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن