له‌ رانیه‌

چیتر ناوه‌نده‌ شۆسته‌كان به‌ تانكه‌ر ئاونادرێن

964+
مه‌جید بتوێنی – رانیه‌

بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی راپەڕین هەوڵی ئەوە دەدات چیتر ناوەندە شۆستەکانی رانیه‌ ” بلوارەکان”، بە تانکەر ئاو نەدرێن، چونکە تێچوی زۆرە و تانکەرەکانیش لە ناو شەقامەکان دەوەستن و گرفتی هاتوچۆ دروست دەکه‌ن، پرۆسه‌كه‌ش ده‌ستپێكردووه‌.

بۆ یەکەمجار دوو کیلۆمەتر و نیو لە ناوەندە شۆستەکانی رانیە به‌ رێگه‌ی تانکەر ئاونەدرا، ئەوانیش ناوەندەی شۆستەی کلکەی کۆڵێن لای مۆنۆمێنتی راپەڕین تا لای قایمقامیەت، هەروەها ناوەندە شۆستەی ناو بازاڕ.

پەرژین جەلال لێپرسراوی بەشی باخچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی راپەڕین بە 964ی راگەیاند، پێشتر بەهۆی نەبوونی خەزانی ئاوەوە نەدەتوانرا ناوەندە شۆستەی مۆنۆمێنت بۆ قایمقامیەت و ناوبازاڕ ئاو بدرێت، ناچار لە رێگەی تانکەرەوە ئاو دەدرا، گرفتی زۆری هه‌بوو، ئێستا خەزانی ئاو جۆینی سیستمی تۆڕی ئاودێریی کراوە.

” لەم هه‌فته‌یه‌دا سیستمی ئاودێریی ناوەندە شۆستەکانی ناو بازاڕی رانیە، کە درێژییەکەی هەزار و 500مەترە، نۆژەن دەکرێتەوە و لەگەڵ خەزانی ئاو دەبەسترێتەوە”، پەرژین جەلال وای وت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا