گه‌ڕی هەشتەمی نایابی عێراق ئاسان نییە بۆ چوار یانە کوردستانییەکە

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر


له‌ گه‌ڕی هه‌شته‌می خولی یانه‌ نایابه‌كانی عێراقدا، هه‌ر چوار یانه‌ی كوردستان ئه‌ركیان ئاسان نییه‌ و ركابه‌ره‌كانیان به‌هێزن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ و سبه‌ی دووشه‌ممه‌، گه‌ڕی هه‌شته‌می خولی نایابی عێراق له‌ تۆپی پێ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ یارییه‌كانی مۆندیال به‌ڕێوه‌ ده‌چن و له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا خوله‌ ناوخۆییه‌كان وه‌ستاون.

له‌ گه‌ڕی هه‌شته‌می خولی عێراقدا، ئه‌مڕۆ یانه‌ی دهۆك له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌فتی به‌سڕه‌ یاریی ده‌كات.

دهۆك ئاستی جێگیر نییه‌ و له‌ چوار یاریی رابردوودا، سێ یه‌كسانبوون و دۆڕانێكی هه‌بوو، ئه‌مڕۆش ئه‌ركی ئاسان نییه‌، به‌و پێیه‌ی نه‌فتی به‌سڕه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆیدا باش یاریی ده‌كات.

یانه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، كه‌ له‌ خوله‌كه‌دا به‌شدارن، سبه‌ی یارییه‌كانی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

یانه‌ی هه‌ولێر دوای دوو بردنه‌وه‌ی گرنگ به‌سه‌ر شوڕته‌ و دیوانییه‌، سبه‌ی له‌ یاریگه‌ی خۆیدا رووبه‌ڕووی یانه‌ی نه‌فت ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ی دوایی هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی وه‌ك پێویست نییه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌هێز به‌رامبه‌ر هه‌ولێر بوه‌ستێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌وڵی باشكردنی ئه‌نجامه‌كانی ده‌دات.

هه‌ولێر، كه‌ ٨ خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه‌، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دوایه‌كه‌ی مه‌شقی خۆی ئه‌نجام ده‌دات و خۆی بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كات.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ سبه‌ی یانه‌ی نه‌ورۆز له‌ یاریگه‌ی كه‌ربه‌لا رووبه‌ڕووی یانه‌ی كه‌ربه‌لا ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌ویش ئه‌ركی ئاسان نییه‌.

نه‌ورۆز ئه‌م وه‌رزه‌ هێشتا یاریگه‌ی خۆی نییه‌ و بارودۆخی جێگر نییه‌، بۆیه‌ ئه‌نجامه‌كانی وه‌ك پێویست نییه‌.

نه‌ورۆز، كه‌ دووه‌م وه‌رزه‌ به‌شداریی خولی عێراق ده‌كات، له‌ پله‌ی ١٣ی ریزبه‌ندییه‌ و ٩ خاڵی هەیە.

یانه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستان له‌ خوله‌كه‌، یانه‌ی زاخۆیه‌، كه‌ سبه‌ی له‌ یاریگه‌ی خۆیدا له‌گه‌ڵ یانه‌ی كاره‌با یاریی ده‌كات.

یانه‌ی زاخۆ له‌ پله‌ی ١٧ی ریزبه‌ندییه‌ و ته‌نیا پێنج خاڵی هه‌یه‌، قه‌یرانی دارایی یانه‌كه‌، كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی تیپه‌كه‌ هه‌بووه‌ و وه‌ك پێویست نین.

خولی نایابی عێراق به‌ به‌شداریی ٢٠ یانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و چوار یانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌شدارن.