ساڵانە 20 هەزار کەس سەردانی درەختی هەڵەبجە دەکەن

964+
محەمەد عومەر

ساڵی 2018 درەختێک بەناوی هەڵەبجە لەناو حەرەمی زانکۆی برادفۆردی بەریتانی چێندرا، ئەو کەسەی چاندوویەتی دەڵێت، ساڵانە 20 هەزار گەشتیار سەردانی دەکەن.

دکتۆر ئاوێسەر عابد هەورامی ئەو کەسە بوو درەختەکەی چاند، کە لە هەمانکاتدا مامۆستای زانکۆی برادفۆردە.

لەوبارەیەوە، دکتۆر ئاوێسەر بە 964ی وت، “جێگای شانازییە و خۆشحاڵم توانیومانە ئەو پڕۆژەیە لەو زانکۆیەدا ئەنجامبدەین کە وەک پێناسێکی نەتەوەکەمان گەشتیاران پرسیار لەبارەی هەڵەبجەوە دەکەن و شارەزا دەبن بە شارەکە و کیمیابارانەکەی”.

ئاوێسەر عابد لە ساڵی 1980 لە هەڵەبجە لەدایکبووە، لە ساڵی 2000 چووەتە بەریتانیا و سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی تەواوکردووە و لە زانکۆی برادفۆرد بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە، هەر لەوێ وەک مامۆستا وانە دەڵێتەوە.

درەختەکەی هەڵەبجە لە جۆری (دەوەن)ـە و ئاوێسەر عابد دەڵێت، ویستوویەتی لە هەڵەبجەوە داری هەنار ببات و بیچێنێت، بەڵام بەریتانیا کەش و هەوایەکی ساردی هەیە و نەگونجاوە.