له‌ ترسی تەقینەوەی غاز هۆڵێكی وه‌رزشی داخرا

+964
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

بەهۆی مەترسی لێچوونی غاز و بۆ رێگریکردن لە رووداوی نەخوازراو، لیژنە هاوبەشەکان هۆڵێكی وه‌رزشی لەشجوانییان له‌ سلێمانی داخست.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، ٤ی كانوونی یه‌كه‌م به‌ 964+ی وت، چەند سکاڵایەک لەبارەی لێچوونی غاز له‌ هۆڵه‌كه‌ هه‌بوو، دوای سەردانی لیژنەکان دەرکەوت هۆڵە وەرزشییەكه‌ بەدەر لە رێنماییەکانی بەرگری شارستانی، دەستکاری سیستمی غازی کردووە و بووەتە هۆی لێچوونی غاز.

وتیشی، بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی هۆڵەکە داخرا، تا ئەو کاتەی کێشەکە چارەسەر دەکەن و مەترسی نامێنێت.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەكات، هەر حاڵەتێکی نەخوازراویان بینی ئاگاداریان بکەنه‌وه‌.

مانگی رابردوو دوو رووداوی ته‌قینه‌وه‌ی سیستمی غازی LPG له‌ سلێمانی و دهۆك روویاندا، كه‌ كاره‌ساتی لێكه‌وته‌وه‌ و قوربانی زۆری هه‌بوو، له‌ سلێمانی ١٥ كه‌سی یه‌ك خانه‌واده‌ گیانیان له‌ ده‌ستدا و ١٢ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، كه‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون.

دواتر له‌ شاری دهۆك سیستمی غازی سه‌مونخانه‌یه‌ك، كه‌ تانكی غازه‌كه‌ی له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ی به‌شه‌ناوخۆییه‌كی خوێندنكاران بوو، ته‌قییه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا حه‌وت كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا و ٣١ كه‌سیش برینداربوون.

دوای ئه‌و رووداوانه‌، به‌ فه‌رمانی مه‌سروور بارزانیی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كاركردن به‌ سیستمی غازی LPG له‌ ته‌واوی كوردستان راگیرا.