عێراق لە یارییە سیانییەکان دووەم بوو

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ خولی یارییه‌ سیانییه‌كانی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ست هێنا.

پاڵه‌وانیه‌تیی یارییه‌ سیانییه‌كان “ترایسلۆن”، له‌ سعوودیه‌ به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق توانی له‌ناو ١١ وڵاتی به‌شداربوودا پله‌ی دووه‌م به‌ده‌ست بهێنێت.

به‌ختیار فه‌رهاد، سه‌رۆكی یه‌كێتی یارییه‌ سیانییه‌كانی عێراق به‌ 964+ی وت، پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ دوێنێ له‌ سعوودیه‌ كۆتایی هات، كه‌ ئاستێكی به‌هێزی هه‌بوو، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق توانی پله‌ی دووه‌م به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌روه‌ها سعوودیه‌ پله‌ی یه‌كه‌م و ئوردنیش پله‌ی سێیه‌مان به‌ده‌ستهێنا”.

وتیشی، “یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق باقر ئیدریس له‌ ركابه‌رییه‌كانی یاریزانانی ته‌مه‌ن ژێر ٢٣ ساڵان توانی مه‌دالیای زێڕ بباته‌وه‌”.

به‌ختیار فه‌رهاد سه‌رۆكی یه‌كێتی یارییه‌ سیانییه‌كانی عێراقه‌ و خه‌ڵكی هه‌ولێره‌، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ یه‌كێتی یارییه‌ سیانییه‌كانی رۆژئاوای ئاسیا و یه‌كێتی عه‌ره‌بییش ئه‌ندامه‌.

“هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ له‌ سعوودیه‌، كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی یارییه‌ سیانییه‌كانی رۆژئاوای ئاسیا به‌ڕێوه‌چوو، بڕیارمان دا له‌ مانگی شوبات یان ئاداری داهاتوو پاڵه‌وانیه‌تیی داهاتوو له‌ وڵاتی كوێت بێته‌ ئه‌نجامدان” به‌ختیار فه‌رهاد وای وت.

یارییه‌ سیانییه‌كان، كه‌ به‌ ترایسلۆن ناسراوه‌ و یارییه‌كی ئۆڵمپیه‌،  پێكهاتووه‌ له‌ پێشبڕكێیه‌كی تێكه‌ڵ له‌ یارییه‌كانی راكردن، مه‌له‌وانی و پایسكلسواری، كه‌ یارییه‌كی زۆر زه‌حمه‌ته‌ و وه‌رزشوان ده‌بێت توانایه‌كی جه‌سته‌یی زۆر به‌هێزی هه‌بێت.