بایکۆتیان راگەیاند

کارمەندانی پاککەرەوەی ئاکرێ چوار مانگە موچەیان وەرنەگرتووە

964+
زەید کۆچەر

کارمەندانی پاککەرەوەی قەزای ئاکرێ دەڵێن، چوار مانگە موچەیان وەرنەرگرتووە و چیتر بەرگە ناگرن، ئەمڕۆ بایکۆتی ئیشوکاریان کرد.

ئەوان کارمەندی کۆمپانیای MRFن و دەڵێن، بێزاربوون لە بەڵێنەکانی کۆمپانیاکە.

ئەبو کەسەر یەکێکە لە کارمەندەکانی پاککەرەوە بە 964ی وت، “هەموو رۆژێک دەڵێن ئەمڕۆ و بەیانی موچەیە، بێزاربووین و ئیتر ئیش ناکەین تا نەماندەنێ”.

لەوبارەیەوە، بڵند رەزا زوبێر، سەرۆک شارەوانی ئاکرێ بە 964ی وت، “کۆمپانیاکە بۆ ماوەی شەش مانگە هیچ بڕە پارەیەکی لە حکومەت وەرنەگرتووە، سێ مانگیش لە گیرفانی خۆی پارەی کارمەندەکانی داوە، ئیتر ناتوانن پارە بدەن”.

وتیشی، ئەم بەیانیە کۆمپانیاکە ئاگاداری کردوونەتەوە کە چیتر کرێکارەکان ئیش ناکەن، “بەڵام لەدەست ئێمەدا نییە چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، وەزارەتی دارایی و شارەوانی خەریکی دۆزینەوەی رێگاچارەن بەڵام هیچ دیار نییە جارێ”.

کارمەندەکانی کۆمپانیای MRF لە قەزای ئاکرێ ژمارەیان دەگاتە 170 کەس.