پاڵەوانێکی پێشمەرگە بووە سەرۆکی کاراتێی کوردستان

+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی

یەکێک لە پاڵەوانەکانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پۆستی سەرۆکی فیدراسیۆنی کاراتێی کوردستانی وەرگرت.

بە نوسراوی ژمارە 165 کە لە 6ـی حوزەیرانی 2023 دەرچووە و واژووی دکتۆر ئالان قادر ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، کۆڵنەدەر کەریم پاڵەوانی پێشووی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بە سەرۆکی فیدراسیۆنی کاراتێی کوردستان دەستنیشانکرا.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ 964 کۆڵنەدەر کەریم لە رێگەی هێڵی تەلەفۆنەوە لە تارانی پایتەختی ئێرانەوە رایگەیاند، وەرگرتنی ئەم کارە تازەیە زۆر جیاوازترە لە ئەرکی یاریزانێک کە لە خول و پاڵەوانێتییەکاندا هەوڵ بۆ بردنەوە دەدات، لەم ئەرکەدا دەبێت هەموو توانای خۆت بەکار بهێنیت بۆ ئەوەی بە یەک ئاست خزمەت بە یاری کاراتێ بکەیت لە کوردستان.

سەرۆکە نوێکەی کاراتێ وتیشی، لە رابردوودا کاری باش بۆ کاراتێ کراوە، بەڵام هەوڵدەدەن یەکەم کاریان دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز بێت، لەگەڵ ئێران لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە لە یاری کاراتێ ئەزموونێکی زۆریان هەیە، هەروەها لە ماوەی کارکردندا هەوڵدەدرێت کە خول و پاڵەوانێتی جیاواز بکرێتەوە بۆ بوژانەوەی ئەو یارییە.

کۆڵنەدەر کەریم رەحیم ساڵی 1986 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و ساڵی 2000 بۆ یەکەم جار لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانییەوە دەستی بە یاری کاراتێ کردووە، لە ماوەی ساڵانی یاریکردنیدا خاوەنی 23 مەدالیایە لەسەر ئاستی خول و پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.

لە ماوەی ساڵانی 2003 بۆ 2013 یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بووە و هەشت ساڵیش کاپتنی هەڵبژاردەکە بووە، وەک یاریزانێک بەشداری لە پاڵەوانێتییەکانی کوردستان و عێراق و وڵاتانی عەرەب و ئاسیا و جیهان کردووە.