ئیدارەی راپەڕین بووە خاوەنی ئامێری هێڵکاری شەقامەکان

964+

مەجید بتوێنی – راپەڕین

ئامێری هێڵکاری بۆ شەقامەکانی ئیدارەی راپەڕین دابینکرا و دەستپێک لە رێگای شەستی ناوچەی پیشەسازیی رانیە تاقیکرایەوە.

جوامێر خدر، لێپرسراوی بەشی ئەندازەی هاتوچۆی راپەڕین بە 964ی راگەیاند، “ئامێری هێڵکاری نوێ و پێداویستییەکانمان بەدەست گەیشتووە، تیمەکانمان راهێنراون و رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو رێگای دوسایدی چوراقوڕنە بۆ حاجیاوا هێڵکاری دەکرێت”.

بڕیارە دوای تەواوبوونی هێڵکاری سەر شەقامەکان، شۆستەکانیش بە رەنگی زەرد و سپی بۆیاخبکرێن و ئامێری تایبەت بەو کارەیان بۆ دابینکراوە.

عەلی محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی راپەڕین بە 964ی وت، بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرفت و رووداوەکانی هاتوچۆ، سەرجەم رێگا سەرەکی و لاوەکییەکانی ناوشار و دەرەوەی شارەکان هێڵکاریان بۆ دەکرێت.

وتیشی، لە بەشێک لە سۆشیاڵ میدیا و پەیجەکان وا بڵاوکرایەوە گوایە هێڵکارییەکە کێشەی زۆرە و خواروخێچە، بەڵام ئەمە تەنها بۆ تاقیکردنەوەی ئامێرە نوێیەکە و راهاتنی تیمەکانی ئەندازە بوو، ئەم کەموکوڕیانە لە هەفتەی داهاتووەوە دوبارە نابنەوە و کارەکان بەشێوەیەکی ئەندازیاری ئەنجامدەدرێن.

بەشێکی زۆر لە رێگا سەرەکی و لاوەکییەکانی ئیدارەی راپەڕین تا ئێستا هێڵکاریان بۆ نەکراوە، ئەوەشی ساڵانی رابردوو کراوە کاڵ بووەتەوە.

ئەمە یەکەمجارە ئیدارەی راپەڕین دەبێتە خاوەنی ئامێری هێڵکاری سەر شەقام و بۆیەکردنی شۆستەکان، پێشتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردبوو ئەو کارەی ئەنجام دەدا، بەڵام ئەمساڵ وەزارەت هەستاوە بە دابینکردنی ئامێرەکە و پێداویستییەکان بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر