حکومەت رێکارەکان بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکان تووندتر دەکات

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و گفتوگۆ کرا لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و چەند تەوەرێکی پەیوەست بە خزمەتگوزاری گشتی.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، رێکارەکان بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکان تووندتر دەکرێن.

“پێویستە سەرۆکی یەکە کارگێڕیەکانیش لە سنووری پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ و قەزا و ناحییەکانیان، چالاکانەتر کاربکەن بۆ لابردنی هەر زیادەڕۆییەک لەسەر رێگاوبانە گشتیەکان و بەرگرتن لە هەر هەوڵێکی زیادەڕۆیی و رووبەڕووکردنەوەی سەرپێچیکاران لە بەرامبەر یاسا و وەرگرتنی رێکاریی قەزايی بەرامبەریان”، ئەنجوومەنی وەزیران وا دەڵێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان راسپێردران کار بکەن بۆ دامەزراندنی سیستمێکی ئەلیکترۆنی بۆ تۆمارکردنی وردەکاریی و زانیاریی موڵکی گشت دامەزراوە حکومییەکان لە داتا سەنتەری ناوەندیی حکومەت.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها باسی کۆنترۆڵکردنی چەکی بێمۆڵەت کرا، وەزیری ناوخۆ وتی، لە ناوەڕاستی مانگی تەممووز، وادەی دیاریکراو بۆ تۆمارکردنی چەکی تۆمارنەکراو کۆتایی دێت.

لەباری رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، ئەوە “دەرەنجامی گفتوگۆیەکی چڕ و لە سەر بنەمایەکی یاسایی و زانستیانە و دادپەروەرانە بووە، بۆیە داکۆکی لە دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات”.

ئەنجوومەنی وەزیران داواش لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە بەرگری لە مافە دەستوریی و شایستە داراییەکانی هەرێم لە ناو پرۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بکەن.