لە دەوروبەری کەرکوک هێشتا 12 کیلۆمەتر زەوی لە مین پاکنەکراوەتەوە
964+
كاروان ساڵحی – كەركوك
لە 2014 و ساڵانی دواتر کە داعش هات، لە دەوروبەری کەرکوک 30 کیلۆمەتر زەوی دوو جار مینڕێژکرد، تاوەکو ئێستا کەمێک لە نیوە زیاتری پاککراوەتەوە.
زۆرینەی ناوچە مینڕێژکراوەکان دەکەونە گوندەكانی سەر بە قەزای حەویجە و رەشاد و ریاز و عەباس و زاب و دوبز.
پارێزگاری کەرکوک جگە لە تۆمەتبارکردنی رێکخراوەکانی بواری پاککردنەوەی زەوی لە مین و تەقەمەنی، هاوکات دەڵێت، ئەو رەوشە بووەتە هۆی کزیی لە بەرهەمی کشتوکاڵی ناوچەکەدا.
راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بە 964ی وت، “رێکخراوەکان چەندین ساڵە نەیانتوانیوە 30 کیلۆمەتر زەوی لە مین پاکبکەنەوە و بە کەیفی خۆیان کارەکانیان دەکەن”.
لە لایەکی دیکە، وەزارەتی ژینگەی عێراق بۆ 964ی ئاشکراکرد، تاوەکو ئێستا لەو 30 کیلۆمەترە تەنیا 12 کیلۆمەتری لە مین پاککراوەتەوە.
هەر لەبارەی ئەم بابەتە، 964 پەیوەندی کرد بە رێکخراوەکانی بواری مین و تەقەمەنی، یەکێک لەوان رەتیکردەوە کەمتەرخەمی لەلای ئەوانەوە بێت.
نوێنەری یەكێك لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاککردنەوەی مین، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە 964ی وت، “هەرکات بمانەوێت بچینە سەر ئەو زەوییانە بە مەبەستی پاککردنەوە، لە بازگەکان بە بیانووی جیا جیا رێگەمان لێدەگرن”.