هۆڵی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق. وێنە: راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق
“بەم دۆخەوە زەحمەتە پەرلەمان بتوانێت لەسەر بودجە کۆببێتەوە”
964+
فەرمان سادق
پەرلەمانی عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە کۆدەبێتەوە، پەرلەمانتارێکی لیژنەی داراییش دەڵێت: هیچ رێکەوتنێک نەکراوە بۆ تێپەراندنی بودجە.
بڕیارە کاتژمێر 1ـی نیوەڕۆی سبەی پێنجشەممە 8.6.2023، پەرلەمانی عێراق لەسەر دەنگدان بە بودجەی عێراق کۆببێتەوە.
ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە هەموو لایەنە سیاسییەکان تێبینیان لەسەر رەشنووسی بودجە و تەنانەت تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش هێشتا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی بە کۆی دەستکارییەکانی سەر بودجە نەداوە.
خەلیل دۆسکی، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە 964ـی وت، دەستەی سەرۆکایەتی رایگەیاندووە کە سبەی دانیشتن دەکرێت، بەڵام هێشتا هەموو لایەنەکان ناڕەزایەتییان هەیە نەک تەنیا کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا.
دەشڵێت: دەستکاری زۆری بودجە کراوە کە بووەتە هۆکاری تێکدانی پلانی حکومەتیش، هەر ئەمەشە وایکردووە تەنانەت حکومەتیش نارەزایەتی هەبێت.
لەگەڵ ئەوەی هەوڵەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە بۆ لێکگەیشتن لەسەر مادەکانی 13 و 14ـی تایبەت بە بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا، بەڵام هێشتا نەبووە بە رێکەوتن.
خەلیل دۆسکی، زیاتر دەشڵێت: لیژنەی دارایی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکانی بەردەوام دەبێت، ئێرە عێراقە رەنگە رێکەوتنێکی سیاسی بکرێت و لە دانیشتنی سبەی پەرلەماندا دەنگ بە بودجە بدرێت، بەڵام بەم دۆخەوە زەحمەتە پەرلەمان بتوانێت لەسەر بودجە کۆببێتەوە.